سینەمای تایلەند

سینەمای تایلەند (بە ئینگلیزی: Cinema of Thailand) ئاماژەیە بۆ مێژووی سینەمای تایلەندی، شێوازی فیلم، فێستیڤاڵ و دامەزراوە فیلمەکان، ھەروەھا ئەو فیلمانەی لە تایلەند دروستکراون یان بە ھاوبەشی لەو وڵاتەدا بەرھەم ھێنراون. پیشەسازی فیلمی تایلەند قورسایی کەمتری ھەیە لە کێبڕکێ لەگەڵ سینەما ناوچەیییەکانی وەک سینەمای ئیندۆنیزیا، سینەمای فلیپین، سینەمای مالیزیا و سینەمای میانمار. ھەرچەندە بە بەراورد لەگەڵ سینەمای مانداریان و کانتۆنی و سینەمای ھیندستان بە بچووک دادەنرێت.

یەکەم نمایشی فیلم لە تایلەند لە بانکۆک لە ٩ی حوزەیرانی ١٨٩٧ لەلایەن برایانی لومێرەوە بەڕێوەچوو.[١] ھەر لەو ساڵەدا لە کاتی سەفەری شای ئەوکاتی تایلەند چولالۆنگکۆرن بۆ ئەورووپا، فیلمێکی ئەم سەفەرە لەلایەن برای پاشا دروست کراوە و کەرەستەی وێنەگرتن لەلایەن ئەوەوە ھێنراوە بۆ تایلەند. پاشان شازادە تۆنگ تام سامبسترا کە بە «باوکی سینەمای تایلەندی» ناودەبرێت، دواتر چەندین بەرھەمی بەڵگەنامەیی دروست کرد کە لە بانکۆک نمایشکران. لە ساڵی ١٩٠٥ بازرگانانی ژاپۆنی سەرەتا لە بانکۆک و دواتر لە چەند شارێکی تر سینەما بچووکەکانیان دامەزراند.[٢]

بۆ ماوەی چەند ساڵێک ئەوەی لەم سینەمایانەدا نمایش دەکرا تەنھا فیلمی ژاپۆنی بوو تا فیلمە ئەورووپییەکان و بەتایبەت فیلمە بێدەنگەکانی ھۆلیوودیش بۆ نمایشکردن لەو سینەمایانە کڕدرابوون.[٣] بۆ ماوەیەکی زۆر بنەماڵەی شاھانەی چاکری بەرپرسی کاروباری فیلم و سینەما بوون لە تایلەند. یەکەم فیلمی تایلەندی بە ئەکتەرە ڕەسەنەکانەوە لە ساڵی ١٩٢٧ لەلایەن مانیت ڤاڤواتەوە لەژێر ناوی «چانس» دووبارە دروستکرایەوە.[٤] لە نێوان ساڵانی ١٩٢٧ بۆ ١٩٣٢ ١٧ فیلم لە بانکۆک دروستکراون، کە تەنھا چەند وێنەیەکی ئاساییان ماونەتەوە.[٥]

لە ساڵی ١٩٢٨ تا ١٩٣٢ فیلمە بێدەنگەکانی ژاپۆن ھێشتا لەلای بینەرانی تایلەند بەناوبانگ بوون. لە ١ی نیسانی ساڵی ١٩٣٢ یەکەمین فیلمی تاکی تایلەندی بە ناوی Lost لەلایەن کۆمپانیای براکانی واڤات بەرھەم ھێنرا. فیلمێک کە لە سەردەمی چاکسازییە سیاسییەکاندا بە فیلمێکی ئایدیۆلۆژی دادەنرا. ئەم فیلمە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستھێنا و بووە ھۆی دروستکردنی فیلمی زیاتر تا ساڵی ١٩٤٤. ئەم قۆناغە لەلایەن زانایانەوە بە «سەردەمی زێڕین» بۆ پیشەسازی فیلمی تایلەند دادەنرێت.[٦]

خەڵاتی کۆمەڵەی نیشتمانی فیلمی تایلەند کە بە "Supannahong Awards" ناسراوە، ساڵانە لەلایەن "کۆمەڵەی نیشتمانی فیلمی تایلەند"ەوە بەڕێوەدەچێت. پەیکەری ئەم خەڵاتە شێوە-ئەژدیھایەکی زێڕینە، کە لە تایلەند بە ھێمایەکی شاھانە و ئایینی دادەنرێت. فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بانکۆک یەکێکی دیکەیە لە فێستیڤاڵەکانی فیلمی نێودەوڵەتی کە ھەموو ساڵێک لە نێوان مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم لە بانکۆک بەڕێوەدەچێت. ئەم بۆنە ڕۆشنبیرییە لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە ھەموو ساڵێک لەم وڵاتەدا بەڕێوەدەچێت. لە تایلەند زیاتر لە ٧٥٠ سینەمای چالاک ھەیە. لە سینەمای مۆدێرنی (ئێستا)ی تایلەند، چەندەھا ئەکتەری نوێ ھەن، یەکێک لەو ئەکتەرانە بریتییە لە تۆنی جا کە ڕۆڵی لە چەندین فیلمدا بینیووە، و ھەروەھا لەگەڵ ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ھۆڵیوود بەشدار بووە، و شارەزایییەکی زۆری لە ھونەرە جەنگییەکان ھەیە، و لە سێ بەشی فیلمی Ong bak بەشداری کردووە و ئەکتەری سەرەکییە.

سەرچاوەکان