مەدەر مەشرووم

مەدەر مەشرووم (لە دایکبووی ١٩٧٩، ڤیەتنام) ناوێکە بۆ چالاکوان، نووسەر و بلۆگەری ڤیەتنامی نگوین نگۆک نھو کوینھ.[٣] مەشرووم یان نام بەڤیەتنامی ناوی کچەکەیەتی، ئەو سەرەتای ئەو نانوەی بەکارھێنا لە بلۆگەکەی 'Mẹ Nấm'.

نگوین نگۆک نھو کوینھ

لەدایکبوون١٩٧٩
خان ھۆوا، ڤیەتنام
ناوەکانی ترمەدەر مەشرووم
پیشەبلۆگەر، چالاکوانی سیاسیی
تۆڕی بلۆگەرانی ڤیەتنام
ناسراوە بەچالاکوانی مافەکانی مرۆڤ
خەڵاتەکانخەڵاتی ھیلمان ھامێت ٢٠١٠[١]
خەڵاتی بەرگریکاری مافەکانی مەدەنی ساڵ (٢٠١٥)[٢]

دوای لەدایکبوونی یەکەم منداڵی کە نازناوەکەی نام (مەشرووم-قارچک) بوو، ئەوا نگوین نگۆک لەچەند تۆڕ و ماڵپەڕێکی ئینتەرنێت بەناوە خوازراوەکە بەشداری دەکرد، لەسەرەتادا تەنیا وەک گۆڕینەوەی ڕێنمایی و بیرۆکەی دایک و باوکانە بوو، بەڵام دواتر بیرۆکەکە گۆڕدرا و لە بلۆگی تایبەتی خۆیدا چالاکییەکانی بەرەو گۆڕینی کێشە کۆمەڵایەتییەکان ھەنگاوی نا. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستیکرد بە نووسین لە بلۆگەکەی، ئەمەش دوای ئەوەبوو کە سەردانی نەخۆشخانەیەکی کرد و چەند نەخۆشێکی ھەژاری بینی، دیدەنی چەند دایک و باوکێکی کرد کە بەھۆی ھەژارییەوە نەیاندەتوانی کرێی نەخۆشخانەکە بدەن.

نگوین لەبارەی بیرۆکەی بلۆگەکەی دەڵێت، زۆر بەسادەیی «من نامەوێت منداڵەکانم ھەمان زەحمەتی بچێژن کە من لەو باروودۆخەی ئێستادا تێیدام.»

نووسین لە بلۆگ و گیران

نگوین کوینھ لە بلۆگەکەی لەژێرناوی (مەدەر مەشرووم - دایکە قارچک) دەینووسی، لە نووسینەکانی بەڕوونی ڕەخنەی لە حکوومەتی ڤیەتنامی دەگرت لەسەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و گەندەڵی. ئەو لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٦، دەستیکرد بەنووسین لە بلۆگەکەی ئەمەش ئەوکاتە لەنەخۆشخانەیەک چاوی بەچەند ھەژارێک کەوت لەبەردەم خۆرەتاوێکی گەرم وەستاون و چاوەڕێی چارەسەردەکەن. بەڵام بەھۆی نەبوونی پارەی پێویست ئەوا لەلایەن نەخۆشخانەکە پشتگوێ خرابوون.[٢]

یەکەم دەستگیرکرانی کوینھ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٩، کاتێک ڕەخنەی لە پڕۆژەی چینی-ڤێتنامی گرت دەربارەی گەڕانکردن بەدوای سەرچاوە سرووشتییەکانی ژێرزەوی، ناوبراو تیشێرتێکی دژی ئەو پڕۆژەیە لەچاپدا. دوای نۆ ڕۆژ لە زیندانیکردن، کوینھ ئازادکرا ئەمەش دوای ئەوەی بەڵێنی داخستنی بلۆگەکەی دا.[٤][٥]

دەستگیرکردنەوەی ٢٠١٦

لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، مەدەر مەشرووم دەستگیرکرا کاتێک ھەوڵیدا سەردانی چالاکوانە زیندانییە سیاسییەکان بکات.[٦] نووسینگەی کۆمیسیارانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ ڕاپۆرتی ئەوەی بڵاوکردەوە کە نگوین لە ناوچەی خوان ھۆوا دەستگیرکراوە، ناوبراو سزادەدرێت لەژێربەندی ٨٨ سزای تاوانەکانی ڤیەتنام بەتۆمەتی درووستکردنی پڕووپاگەندە لەدژی دەسەڵاتی سۆسیالیستی ڤیەتنام.[٧]

کاردانەوەکان

ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ نووسینگەی کۆمیسیارانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ ئیدانەی دەستگیرکردنی مەدەر مەشروومیان کرد، وە ئاماژەشیان بەوەکرد دەستگیرکردنی ئەو دژی پێشێلی مافەکانی مرۆڤە لەئاستی جیھانی و ھەروەھا بەپێی یاسا ناوخۆییەکانی ڤیەتنامیش بۆ مافەکانی مرۆڤ.[٨][٩] تێد ئۆسیوس باڵیۆزی ئەمریکا لە ڤیەتنام وتی «بەتووندی ئیدانەی دەکەم، ئەوە ھەڕەشەیەکە بۆ پاشەکەشەی بەرەوپێشچوونەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ڤیەتنام.»[٩]

لە ڕۆژی ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٧، مەدەر مەشرووم بۆ ماوەی ١٠ ساڵ سزای زیندانیکردنی بۆ دەرچوو لەدادگای خان گۆوا ئەمەش دوای ئەوەی دادگا چالاکییەکانی ئەوی وەک بڵاوکردنەوەی پڕووپاگەندە دژی وڵات ھەژمارکرد.[١٠] بەڵام دواتر لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨، ئازادکرا.[١١] خۆی و خێزانەکەشی پارێزبەندییان پێشکەشکرا لەلایەن حکوومەتی ئەمریکا. دوای دەرچوونی لە زیندان و چوونی بۆ ئەمریکا، ئەوا مەدەر مەشرووم ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەو بێدەنگ نابێت لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ڤیەتنام.[١٢]

خەڵاتەکان

  • ھیومەن ڕایتس وۆچ، خەڵاتی پڕۆگرامی ھیلمان ھامێت.[١٣]
  • خەڵاتی بەرگریکارانی مافەکانی مەدەنی، ساڵی ٢٠١٥. لەبارەی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەتی وتی «ھیوام دەخواست ئەو خەڵاتانە بەدەستنەھێنم، چونکە لەوڵاتێک دەژیم کە خەڵاتم پێدەدرێت لەبەرامبەر ھەوڵەکانم بۆ شەڕکردن.»[١٤]
  • خەڵاتی ئازایەتی ژنانی نێودەوڵەتی، ساڵی ٢٠١٧، لەلایەن حکوومەتی ئەمریکا پێیدرا.[١٥]
  • خەڵاتی ئازادی ڕۆژنامەوانی.[١٦]

سەرچاوەکان