ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ٢٠٢٤
ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ شەشەمین خولی ھەڵبژێردراو بڕیارە لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ئەنجامبدرێت پاڵپشت بە یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ ھەموارکراو و تانەلێدراو. دووەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە بەشێوازی فرەبازنەیی ئەنجامدەدرێت و ھەرێمی کوردستان بەسەر ٤ بازنەی ھەڵبژاردن دابەشکراوە، یەکەمین خولی پەرلەمان دەبێت کە ژمارەی ئەندامانی دەبێتە ١٠٠ ئەندامی ھەڵبژێردراو.
| ||||||||||
| ||||||||||
|
دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن
بەھۆی گشتپرسییەکەی ٢٠١٧ی ھەرێمی کوردستانەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی دروستکرا، کە سەرپەرشتی گشتپرسییەکە و ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کرد. ماوەی یاسایی کۆمیسیۆنەکە لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ بەسەرچوو.
لە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکان لە ٤ی نیسانی ٢٠٢١، پرسی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن لەچوارچێوەی کاری پەرلەمانیدا تاوتوێکرا.[١]
لە میانەی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی پاش بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند ھەڵبژاردن لەو ماوەیەدا بەڕێوەدەچێت کە لە یاسادا ھاتووە و ھێشتا کات ماوە.[٢] لە میانەی بەشداریکردنی لە دیداری مێریدا لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ڕایگەیاند کە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە دەستوورە ھەوڵدەدەین پێش ھەڵبژاردنی داھاتووی ھەرێم ئامادەی بکەین.[٣]
بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەکە، سەرۆکایەتی پەرلەمان ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ی وەکو دوا دەرفەت دیاریکرد بۆ وەرگرتنی پێشنیاری فراکسیۆنەکان لەبارەی داھاتووی دامەزراوەکە.[٤][٥] پێشنیارەکان لەبارەی زیادکردنی ٢ ئەندامی پێکھاتەکان بوو بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران.
مونا قەھوەچی سکرتێری پەرلەمان لە ڕۆژی زمان و کەلتور و ڕۆژنامەگەریی تورکماندا ڕایگەیاند کە کەمکردنەوە یان دەستکاریکردنی کورسی کۆتای پێکھاتەکان ڕەتدەکەنەوە.[٦][٧]
پارتی پێشنیاری کردبوو ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ دابەشبکرێتەوە، دەست لەبیرۆکەی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن ھەڵبگیرێت. گۆڕان و یەکێتی لەگەڵ مانەوەی پێکھاتەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بوون، یەکێتی داوای فرەبازنەیی دەکرد و گۆڕانیش لیستی داخراو.[٨]
پارتی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی بە بیانوو بۆ ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردن دەبینی.[٩] یەکگرتوو سەرەڕای پێداگری لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەوادەی یاساییدا، داوای فرەبازنەیی دەکرد، ھەروەھا پێکھاتەکان خۆیان نوێنەرەکانیان ھەڵبژێرن.[١٠]
حازم تەحسین میری ئێزیدیان لە دیدارێکی لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان، داوایکرد لەکاتی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن ٥ کورسی کۆتا بۆ پێکھاتەی ئێزیدی تەرخان بکرێت.[١١]
نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتیرێس کۆبوونەوە و جەخت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی لەکاتی خۆیدا کرایەوە.[١٢]
جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان لەگەڵ بەرپرسانی بیانی باسی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەرێمیان کرد.[١٣][١٤] لەمیانەی دیدارێکدا، سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند یاسای ھەڵبژاردن پێویستی بەڕێککەوتن و سازانی سیاسی ھەیە.[١٥]
لە وتەی کردنەوەی خولی بەھارەی ساڵی چوارەمدا، ڕێواز فایەق جەختی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆیدا کردەوە.[١٦]
لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ پێکھاتەکان کۆبووەوە و جەخت لە پاراستنی مافەکانیان لە ھەڵبژاردن کرایەوە.[١٧] سێ ڕۆژ دواتر، نێچیرڤان بارزانی و جینین پلاسخارت و لایەنە سیاسییەکان لەبارەی ھەڵبژاردنەکان و ئاستەنگەکانی کۆبوونەوە و بڕیاردرا تا ١ی تەممووز ڕاپۆرتێک ئامادە بکرێت.[١٨] لە ١٠ی ئاب، جارێکی تر کۆبوونەوە و ڕاپۆرتەکە خوێندرایەوە، بڕیاردرا لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دوا کۆبوونەوە بۆ بڕیاردان ئەنجامبدرێت.[١٩]
لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٢، ھێمن ھەورامی باسی ئەگەری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کرد، لەکاتێکدا سەرۆکی ھەرێم ڕۆژی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ی دیاریکردبوو بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن.[٢٠] لەبەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە ٩ی ئاسایی پایزە، پێشنیارە یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنحەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ خوێندنەوەی یەکەم ھات.[٢١] لەدانیشتنەکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و ئاڕاستەی لیژنەی یاسایی کرا و سیفەتی بەپەلەی پێدرا.[٢٢] لە دانیشتنی ژمارە ١٠ خوێندنەوەی دووەمی بۆ کرا و لە دانیشتنی ژمارە ١١ بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار پەسەندکرا، کە لە ٣ ماددە و ھۆکاری دەرچواندنی پێکھاتبوو.[٢٣][٢٤][٢٥][٢٦] یاساکە بە بێ واژووکردن و توانجدان لێی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمەوە بەدەرچوێندراو ھەژمارکرا و لە ژمارە ٢٩٣ی وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە.[٢٧]
لە بارەی واژوونەکردنی یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکان ھاوکار بووە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا و پەیامێکیشی ئاڕاستەی پەرلەمان کردووە کە ڕێکارەکان تەواو بکەن و ڕۆژی ھەڵبژاردن دیاریکراوە، بەڵام پەرلەمان بڕیاری درێژکردنەوەیدا، ھیوای خواست لەو ماوەیەدا دەستووری ھەرێم ئامادەبکرێت.[٢٨]
لە دانیشتنی ژمارە ١٣ی پایزە، شایان کاکەساڵح داوای دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکرد و پەسەندکرا.[٢٩][٣٠] لە دانیشتنی ژمارە ١٥، سۆز عەبدولقادر لەجێگەی سوێندی یاسایی خوارد.[٣١][٣٢]
ڕۆژی ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، دەستەی سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکان لەبارەی ڕێکارەکانی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن کۆبوونەوە،[٣٣] کە بە پێی یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەم، ماوەی یاسایی درێژکراوە بە کۆتاییھاتنی خولی پایزەی ٢٠٢٣ کۆتایی دەھات.
نێچیرڤان بارزانی لە دیدارێکدا ڕایگەیاند بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکەین و ھەوڵدەدەین ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، کە دەبوو ساڵی ڕابردوو ئەنجامبدرایە.[٣٤]
لە دانیشتنی کردنەوەی خولی بەھارەی ساڵی پێنجەم، سەرۆکی پەرلەمان باسی ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی کرد، ھەر لەو دانیشتنەدا پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتوو و عەلی حەمەساڵح و کازم فاروق داواکاری دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد و پەسەندکرا.[٣٥][٣٦] لە دانیشتنی دواتر جێگەیان پڕکرایەوە، کە جێگەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەلایەن بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان پڕکرایەوە.[٣٧][٣٨] ھەر لەو دانیشتنەدا لیژنەیەکی ٥ کەسی بۆ پاڵاوتنی کۆمیسیاران پێکھێنرا.
ڕۆژی ٢٩ی ئازار، لیژنەی پاڵاوتنی کۆمیسیاران کۆبووەوە و ڕێکەوتی وەرگرتنی پاڵێوارانی ڕاگەیاند کە ٥ بۆ ١٢ی نیسان بوو.[٣٩] لە دانیشتنی ژمارە ٣، داواکاری دەستلەکارکێشلنەوەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پێشکەشکرا و پەسەندکردنی بۆ دانیشتنی داھاتوو دواخرا.[٤٠][٤١]
لە ٢٠ی ئایار، کارنامەی دانیشتنی ژمارە ٤ بە واژووی دەستەی سەرۆکایەتی بڵاوکرایەوە، کە ٢ خاڵی لەخۆگرتبوو، ڕۆژی دواتر بە واژووی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان، بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بۆ ماوەی ٥ ساڵ و پڕکردنەوەی جێگەی کۆمیسیارە بەتاڵەکان بۆ کارنامەکە زیادکرا.[٤٢] ٢٢ی ئایار، ڕێواز فایەق دانیشتنەکەی کردەوە و دواتر دواخست، بەڵام ھێمن ھەورامی بەردەوامبوونی دانیشتنەکەی ڕاگەیاند بۆ پەسەندکردنی بڕگە زیادکراوەکە، ئەمەش بووە ھۆی دروستبوونی پشێوی لەنێوان پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی، ھێمن ھەورامی پەسەندکردنی بڕگەکەی ڕاگەیاند و دانیشتنەکەی دواخست و داواکاری پەرلەمانتارانی کۆمەڵ باسنەکرا.[٤٣] ڕۆژی دواتر بڕیارەکە بەواژووی ھێمن ھەورامی لە وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە.[٤٤]