سمکۆ
ئیسماعیل ئاغای شکاک ناسراو بە سمکۆی شکاک (لەدایکبوو ١٨٨٧ – مردووی ١٩٣٠) شۆڕشگێڕێکی کوردی ڕێبەری ھۆزی شکاک بوو کە بۆ ماوەیەک دەسەڵاتی ناوچەی ڕۆژاوای گۆلی ورمێی لە حکوومەتی ناوەندیی ئێران سەندەوە.[١]
ئیسماعیل ئاغای شکاک | |
---|---|
لەدایکبوون | ١ی کانوونی دووەمی ١٨٨٧ |
مەرگ | ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٣٠ |
نەتەوە | کورد |
پیشە | سیاسەتوان |
ئایین | ئیسلام، سوننە |
ژیان
سمکۆ ناوی ئیسماعیلە و کوڕی محەممەد پاشای کوڕی عەلی خانی کوڕی ئیسماعیل ئاغای شکاکە و بنەماڵەکەیان لە مێژەوە گەورە و دەسەڵاتداری خێڵی شکاک بوون.سمکۆ ساڵی ١٨٨٧ لەدایک بووە و پاش مردنی باوکی و جەعفەر ئاغای برای، سەرکردایەتی شکاکی گرتووەتە دەست و لەدوای شەڕی جیھانی یەکەمەوە دەستی بە گرتنی ناوچەکانی قەراغی گۆلی ورمێ کردوە. ھەرچەندە لە ساڵانی شەڕی یەکەمی جیھانیدا سمکۆ لە ھیچ چالاکییەکی سیاسی بەشداری نەکردبوو، بەڵام ھێزەکانی ڕووسیا گرتیان و دووریان خستەوە بۆ شاری تبلیس و دواتر ئازادیان کرد بەو مەرجەی لە شاری خۆی دابنیشێ و ھیچ ھەڵوێستێک دژی ڕووسەکان نەنوێنێت.
شۆڕشی سمکۆ
کە جەنگی جیھانی یەکەم کۆتایی ھات سمکۆ وەک سەرکردەیەکی سیاسی ناوی دەرکرد و لەپێناو دامەزراندنی ئیدارەیەکی کوردیدا ساڵی ١٩١٩ شۆڕشی بەرپاکرد و گەلێ ناوچەی گرنگی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، ساڵی ١٩٢١ لە ئەنجامی لەشکرکێشییەکی گەورەی ھێزەکانی حکوومەتی ئێراندا سمکۆ ناچار بوو پاشەکشێ بکات و پەنا بەرێتە بە تورکیا. ساڵی ١٩٢٤ بە بڕیارێکی لێبوردن گەڕایەوە ئێران و ساڵی ١٩٢٦ جارێکی تر شۆڕشی بەرپاکردەوە. بەڵام ئەمجارەشیان شۆڕشەکەی تێکشکاو ماوەیەک لە تورکیادا بە دەستبەسەری مایەوە. پاش ئازادکردنی گەڕایەوە ئێران و ساڵی ١٩٣٠ بە پیلانێکی کاربەدەستانی ئێران لە شاری شنۆ کوژرا، بەمەش شۆڕشەکەی شکاک کۆتایی ھات کە یازدە ساڵ درێژەی کێشابوو.[٢]