بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە

شیکردنەوەی ڕاستییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجە دروستەکە

بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بریتییە لە ھەڵسەنگاندنی ڕاستییەکان بۆ گەیشتن بە بڕیارێک و یەقینێک لەسەر بابەتەکان.[١] بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بابەتێکی ئاڵۆزە و چەند پێناسەیەکی ھەیە کە بە شێوەیەکی گشتی ئەمانە لەخۆدەگرێت: ژیری، ژیربێژی، گومانکاری، ھەڵسەنگاندنی بێلایەنانە یان ھەڵسەنگاندنێکی زانستیی ڕاستەقینە و دروست بەشێوەیەکی بێ لایەنانە. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە خۆ ئاراستەکەر، خۆ ڕێککار، خۆ چاودێریکەر و خۆ ڕاستکەرەوەیە بەو واتایەی کە ھەموو ئەم ھەنگاوانە لەلایەن تاکەکەس خۆیەوە دەست پێشخەری بۆ دەکرێت و پابەندە لەسەر پێوەری توند بۆ نایابێتی و فەرمانی ژیرانە بۆ بەکارھێنانیان. بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لەسەر گەیشتن بەم ئامانجانە کار دەکات: پەیوەندیی کاریگەر، توانای چارەسەری کێشە و زاڵبوون بەسەر خۆویستیی ڕەسەنی.[٢][٣]

مێژوو

یەکەمین و کۆنترین بەڵگەنامەکان لەسەر بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە وانەکانی سوقراتە، کە لەلایەن پلاتۆوە تۆمارکراوە. سوقرات ھەستا بە دانانی ئەو ڕاستییەی کە ناتوانرێت پشت بە دەسەڵات ببەسترێت دەربارەی زانیاری و دیدگەیەکی پتەو، پیشانی دا کە چەندین کەس ھەن لە دەسەڵات و پلەی بەرز، کەچی زۆر سەرلێشیواو و ناژیرن. پێداگیری دەکرد لەسەر گرنگیی پرسیارکردنی قووڵ کە وا دەکات تێروتەسەڵی بکەوێتە ناو بیرکردنەوە و تێڕامان پێش ئەوەی بڕیار بدەیت بیرۆکەکان پەسەند بکەیت.

سوقرات ھەستا بە دانانی کارنامەیەک بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بەمەبەستی ھێنانەکایەی پرسیارگەلێک دەربارەی باوەڕ و لێکدانەوە باوەکان، بە وریای جیاکردنەوەی باوەڕە ژیر و ژیربێژییەکان لەو باوەڕانەی کە بەڵگەیەکی پێویست و قایلکەریان نییە یاخود خاوەنی بناغەیەکی بەجێ نین (ھەرچەند ئەو باوەڕە نادروستە: گونجاو بێت لەگەڵ خۆویستە ڕەسەنەکانمان، خزمەتی بەرژەوەندییە شاراوەکانمان بکات یان ئاسوودەمان بکات).

ئێتیمۆلۆژی

دەستەواژەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، وشەی ڕەخنەگرانە (Critical) لە وشەی (Critic = kritikos = κριτικός) یۆنانییەوە وەرگیراوە و بە توانستی مێشک پێناسە دەکرێت بۆ زانیین و بڕیاردان و ھەبوونی توانای درک پێکردنی بابەتگەلێک. مێژووی وشەکە ھێندەی سەرچاوەی وشەکە خۆی کۆنە و دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی سوقراتی فەیلەسووفی یۆنانی[٤] کە پێش ٢٥٠٠ ساڵ گەیشتە ئەنجامی ئەوەی کە خەڵکی ناتوانن بە یەقینەوە پاساو و سەلماندن بۆ بیربۆچونەکانیان بھێننەوە دەربارەی ڕێژە و توانستی زانینیان.

پێناسەکان

بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بە چەند شێوەیەک پێناسەکراوە:

  • «ڕێکاری وێنا کردن، جێبەجێکردن، شیکردنەوە، پێکەوەڕێکخستن و ھەڵسەنگاندنی زانیاری بە شێوازێکی چالاکانە و بە بەھرەیی بۆ گەیشتن بە وەڵام و دەرەنجامێک.»[٥]
  • «بیرکردنەوەیەکی ڕێکوپێک کە ڕوون، ژیرانە و مەودا فراوان بێت کە پشت بەستراو بێت بە بەڵگە.»
  • «ھەبوونی پابەندێتی بە بەکارھێنانی ژیربێژی بۆ شێوەکردنی بیروباوەڕەکانمان.»[٦]
  • «ھەبوونی بەھرە و ویست بۆ بەژداریکردن لە چالاکییە گومانکارییەکان.»[٧]
  • «خەمڵاندنێکی پشت بەستوو بە ھەڵسەنگاندنێکی تاقیکاریی ورد.»[٨]

ھەندێک لە نووسەر و ڕوناکبیرەکانی سەر بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە ئەم پێناسە باوانەیان فراوانتر و قوڵتر کردووەتەوە بە زیادکردنی: داھێنەری، خەیاڵ کردن، دۆزینەوە، ڕەنگدانەوە، ھاوسۆزی، بەژداریکردنی زانیاری، بیردۆزی فێمنیستی «مافخوازیی ژنان»، بابەتی بوون و نادیاری. بەڵام لە لایەکی دییەوە ھەندێک پێناسە لەم چەمکانە بەدەرن.[٩]

ئەرکەکان

  • بەڵگە بەپێی ڕاستی.
  • بەھرەیی مەودایی: بۆ جیاکردنەوە و دابڕاندنی کێشەکە لە مەودای بابەتەکە.
  • بابەت و پێوەری پەیوەست بۆ بڕیاردانێکی دروست.
  • شێواز و ڕێی کردەیی بۆ شێوەکردنی بڕیارەکان.
  • بیردۆزی کردەیی بۆ تێگەیشتن لە کێشەکە و پرسیارە بەردەستەکە.

سەرەڕای ھەبوونی بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی بەھێز، بەڵام تاک دەبێت بتوانێت ڕووبەروی کێشە و بڕیارەکان ببێتەوە بەسوودبینن لەم بەھرە باسکراوانە. بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە تەنھا بنیاتنەری ژیربێژی نییە بەڵکو پێوەرێکی فراوانی ڕوناکبیری و ڕۆشنبیری دەھێنێتە کایەوە وەک: ڕوونی، ڕاستگۆی، وردی، قوڵی، فراوانی، گرنگی و دادپەروەری.[١٠]

بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەبێتە ھۆی پێگەیاندنی ئەم توانایانە:

  • ناساندنی کێشەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو و کردەیی بۆ ڕووبەروبوونەوەی ئەو کێشانە.
  • تێگەیشتن لە گرنگی پێشینەیی و ڕیزبەندی ھەنگاوەکان بۆ چارەسەری کێشەکان.
  • کۆکردنەوە و ڕێک کرنی زانیاری پەیوەست بە کێشەکەوە.
  • دیاریکردنی گریمانە و نرخە نەناسراوەکان.
  • بەکارھێنان و تێگەیشتنی زمان بە وردی و ڕوونی.
  • لێکدانەوەی زانیارییە دراوەکان بۆ ھەڵسەنگاندنی بەڵگە و مشتومڕەکان.
  • ناساندنی بوون و نەبوونی پەیوەندی ژیربێژیانە لەنێوان پێشنیارکراوەکان دا.
  • شێوەکردنی دەرئەنجام و گشتگیرکردنی دڵنیاکەرەوە.
  • خستنە ژێر تاقیکردنەوەی دەرئەنجام و گشتگیرکردنە بەدەست ھاتووەکان.
  • دروستکردنەوەی شێوە باوەڕێک کە بەندبێت لەسەر ئەزموونێکی فراوانتر.
  • دابینکردنی بڕیاری ورد دەربارەی بابەتی دیاریکراو و جۆرێتی ژیانی ڕۆژانە.

توێژینەوە

ئێدوارد م. گلەیزەر پێشنیاری کرد کە توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە سێ بەش پێکدێت:

  1. توانای بیرکردنەوە بە شێوەیەکی وریایانە دەربارەی ئەو کێشە و بابەتانەی تووشی ئەزموونی یەکێک دەبێت.
  2. زانینی شێوازەکانی ناوەڕۆکی بەدواداچوون و ژیربێژی.
  3. چەند بەھرەیەک بۆ جێبەجێکردنی ئەو شێوازانە.

ئامانجی بەرنامە پەروەردەیییەکان گەشەسەندنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیە لە منداڵان و فێرخوازە پێگەیشتووەکان، چ بە شێوەی تاکەکەسی یان بە شێوەی کۆمەڵە بن بۆ فێربوون دەربارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان، بڕیاردان و بەکارھێنانی ئەو سێ خاڵە سەرەکییەی لەسەرەوە باسکراوە.پرۆژەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە تاقیگەی زانستی مرۆڤایەتی لەندەن بەشدارە لە لێکۆڵینەوەی زانستی بەمەبەستی ھەڵسەنگاندنی سیستەمە پەروەردەیییە گەورەکان کە چۆن ھان و پشتگیری بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەکەن لە ناوەندەکانی فێرکردن.[١١]

سەرچاوەکان

بەستەرە دەرەکییەکان