مانگی پڕ

مانگی پڕ یان مانگی چواردە (بە ئینگلیزی: Full moon) پلە و قۆناغی مانگە کاتێک مانگ بە تەواوی لە ڕوانگەی زەوییەوە دەردەکەوێت. ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە زەوی دەکەوێتە نێوان خۆر و مانگەوە، کاتێک تیشکی خۆر بە تەواوی بەرەو ڕووی مانگ دەکەوێت ئەوە مانگ وەک بازنەیەکی خڕی تەواو خۆی نیشان دەدات. مانگی پڕ بە نزیکەیی مانگێ یەک جار ڕوودەدات.[١]

ماوەی نێوان مانگی تەواو و دووبارەبوونەوەی داھاتووی نزیکەی ٢٩ تا ٥٣ ڕۆژ دەبێت. بۆیە لە ڕۆژژمێرە مانگییەکاندا سەری مانگ لە ڕۆژی مانگی نوێدا دەست پێدەکات. مانگی پڕ دەکەوێتە ڕۆژی ١٤ یان ١٥ی مانگ. چونکە ڕۆژژمێری مانگی بەپێی قۆناغەکانی مانگ دەژمێردرێت، بۆیە لە ساڵنامەی مانگیدا لەوانەیە ڕۆژەکان ھەموو ساڵێک ٢٩ یان ٣٠ ڕۆژ درێژتربن، ئەمەش بەپێی شوێنی جوگرافی دەگۆڕدرێت.[٢]

تایبەتمەندییەکان

مانگ پڕ زۆرجاران لەکاتی ڕۆژی ڕووناک ڕوودەدات بۆیە لەسەر زەوی لە ھەندێک شوێن نابینرێت. ئەمەش بەھۆی جولەی زەوییەوەیە، ھەوروەھا ڕەنگە لە ھەندێک شوێنی زەوی، مانگی پڕ ببینرێت لە ھەمان کاتدا لە ناوچەیەکی تر مانگی پڕ بەدی نەکرێت.

زۆربەی مانگە پڕەکان بە کاتی گەردوونیی ھاواھەنگکراو (UTC) دەژمێردرێن. زۆر جاریش بەپێی ساڵنامە مانگییەکان دەژمێردرێن، کە ڕەنگە لە ساڵنامە مانگییەکاندا ڕۆژێک قووت بدات یان زیادی بکات ئەمەش بەپێی شوێنەکان دەگۆڕدرێت.

مانگی پڕ زۆر جاران کارایەکی باش و خراپە بۆ گەردوونناسان و ئەستێرەزانان، بەھۆیەوە چاودێری چەندین ئەستێرە دەکەن ھەروەھا لە کارایە خراپەکانیشی ئەوەیە کە دەبێتە ھۆی ڕووناک کردنەوەی ئاسمان و شاردنەوەی پڕشنگی ئەستێرەکان و ونکردنیان.[٣]

لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٨ دا مانگی پڕ نزیکترین خاڵی لە زەوی تۆمارکرد لەماوەی ١٥ ساڵدا، ئەم دیاردەیە ماوە ماوە ڕوودەدات، کە لە کەلتورە جۆربەجۆرەکاندا کەرنەڤاڵی بۆ سازدەکەن، لە کوردەواری پێی دەڵێن (مانگی تابان) (بە ئینگلیزی:Super moon).

لە ١٩ی ئازاری ٢٠١١ تابانێکی تری پڕ، نزیکتر لە زەوی لە ماوەی ١٨ ساڵی ڕابردوو ڕوویدا.

لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ تابانێکی تێر و پڕی تر ھەبوو؛ ئەم جارەیان لە ھەموو کاتێک نزیکتر بوو لە زەوی لەماوەی ٦٨ ساڵی ڕابردوودا.[٤]

ھاوکێشە

بۆ زانینی ڕێکەوت و ڕێکەوتی دەرکەوتنی مانگی پڕ دەتوانین ئەم ھاوکێشەی خوارەوە بەکاربھێنین:

ژمارەی ڕۆژەکان لە بڕی نرخی d دابنێ لە ١ی کانوونی دووەمی :٠٠:٠٠:٠٠ :٢٠٠ەوە ئەمەش بەگوێرە ی پێوەری کاتی تێرسمێڵ لە کاتی ئەستێرەناسی دا بەکار ھاتووە؛ بۆ کاتی جیھانی (UT) ئەم ڕاستکردنەوە نزیکەیییە زیاد بکە بۆ د:

مانگگیران

کاتێک مانگ دەکەوێتە ناوچەی سێبەری زەوی، مانگگیرانێک ڕوودەدات، لەو ماوەیە ڕەنگە ھەموو یان بەشێک لە ڕووی مانگ بە ڕەنگی سوور دەربکەوێت بەھۆی بڵاوبونەوەی تیشکدانەوەی درێژی شەپۆلی شین و دووبارە شکاندنەوەی تیشکی خۆر لە ناو کەشی زەویدا. مانگگیران تەنھا لە ماوەی مانگی پڕدا ڕوودەدات. ھەروەھا مانگگیران ھەموو مانگێک ڕوونادات چونکە مانگ بە زۆری لە باکوور یان باشووری سێبەری زەویدا تێدەپەڕێت. بۆیە مانگگیران نزیکەی شەش مانگ جارێک ڕوودەدات و زۆر جار دوو ھەفتە پێش خۆرگیران یان دوای خۆرگیرانێک ڕوودەدات.[٥]

لەناو چاند و کولتوورەکاندا

مانگە پڕەکان بە شێوەیەکی نەریتی پەیوەستن بە بێخەوی «بێتوانایی لە خەودا»، شێتی «گیرۆدەبوونی دەروونی» و «دیاریدە ئەفسوناوییەکان» وەک لیکانترۆپی. بەڵام دەرونناسان بۆیان دەرکەوت کە ھیچ بەڵگەیەکی بەھێز نییە بۆ کاریگەریی مانگی پڕ بەسەر ھەڵسوکەوتی مرۆڤ. نموونەیەک لەم بوارە؛ لە ژمارەی ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٠ی گۆڤاری پزیشکیی بەریتانی دوو توێژینەوەی لەسەر وەرگرتنی گازگرتن لە سەگ لە نەخۆشخانەکانی ئینگلتەرا و ئوسترالیا بڵاو کردووەتەوە. لێکۆڵینەوەکەی دەزگای داوکاریی ڕۆیال برادفۆرد بۆی دەرکەوت کە گازلێدانی سەگ دوو ھێندەی مانگی تەواو بووە، لەکاتێکدا ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە نەخۆشخانە حکومییەکانی ئوسترالیا ئەنجام دران ئەنجامەکانیان تەواو پێچەوانەن.

لە کولتووری کوردەواریدا ئەم بابەتە تەواو ڕووچووەتە ناو ژیانی شاعیران و دەقەکانیان، و جوانی ڕوخسار و گەشی مانگیان بە یار و دوڵبەرەکانیان چواندووە، ھەروەھا بووەتە دەروازەی دەربرینی ناخ و دەردەدڵەکانیان.

مانگەکانی دروێنە و ڕاوشکاری

مانگەکانی دروێنە و ڕاوشکاری ناوی نەریتیی مانگە پڕەکانن لە کۆتایییەکانی وەرزی ھاوین و سەرەتای وەرزی پاییز، بە وردتر دیاری بکەین بریتییە لە ماوەی نێوان مانگی ئەیلوول و تشرینی یەکەم.

مانگی دروێنە لە کوردەواری بەو مانگە پڕانە دەوترێت کە لە ماوەی مانگی جۆزەردان و خەرمانان بە دیار دەکەوێت. مانگی ڕاوشکاریش لەدوای یان لەناو وەرزی دروێنەی شەواندا ڕوودەدات، لە کوردەواریدا لە کاتی کۆن ئەگەر مانگە شەو بە دەرەوەبا دروێنەکاران بەدەم ڕووناکیی مانگی پڕەوە درێژەیان بە دروێنەکانیان داوە ئەگەر ھاتوو لەم ماوەیە ھیچ زەویەک نەبێت دروێنەی بکەن بەشەودا یان دروێنەکە لە کاتی بوومەڵێڵی ئێواران کۆتایی بھاتبا ئەوا بۆ کاری ڕاوشکاری بۆ کوێستان و مەزراکان دەچوون (بەتایبەت گەنجەکان) ھەروەھا لە کوردەواری پێیان وابووە کە گورگ لە کاتی مانگەشەودا دەردەچێت بۆ ڕاو، بۆیە بە کۆمەڵ دەچوون بۆ مەزراکان و نزیک مێگەڵی شوانەکان دەنگەدەنگ و ژاوەژاوەیان دروست دەکرد بە مەبەستی ترساندنی گورگەکان و کەمتیارەکان. ھەمان ئەم ناوانە لە کەلتوری ئەورووپی و ئەمریکیدا ھەیە بەڵام بە شێوازی کەلتوری تایبەتی خۆیان.[ژێدەر پێویستە]

مانگژمێری جوتیاران

مانگژمێری تایبەتی جوتیارانی ئەمریکا لە دەوروبەری دەیەی ١٩٣٠ دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی ناوی مانگەکانی جوتیارانی ئەمریکی بەپێی ناوی "خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەمریکا".

لە کوردەواریدا لە کاتە دێرینەکانەوە ناوی مانگەکانیان بەپێی کەشوھەوا و ھەلومەرجی کشتوکاڵی و باخداری ھێناوە. ئەم پێڕستەی خوارەوە ڕیزبەندیی ناوی مانگەکانی مانگژمێری جوتیارانی ئەمریکایە:

  • January: Difficulty, Black Smoke
  • February: Raccoon, Bare Spots on the Ground
  • March: Wind, Little Grass, Sore-Eye
  • April: Ducks, Goose-Eggs
  • May: Green Grass, Root-Food
  • June: Corn-Planting, Strawberry
  • July: Buffalo (Bull), Hot Sun
  • August: Harvest, Cow Buffalo
  • September: Wild Rice, Red Plum
  • October: Leaf-Falling, Nuts
  • November: Deer-Mating, Fur-Pelts
  • December: Wolves, Big Moon

ئەمانەش ببینە

سەرچاوەکان