ژینگەناسی
ژینگەناسی یان ئیکۆلۆژی (بە ئینگلیزی: Ecology) لقێکی ژینناسییە کە بە لێڕوانین و توێژینەوەی پێوەندییەکانی ژینەوەر لەگەڵ ئاقاری ژیان و شێوازی ژینی ھەرکام لە گیانلەبەران لە زاگەیاندا، دەپەرژێ.[١]
ژینگەناسی زانستی لێکدانەوەی کارلێکەکانی نێوان گیانداران و ژینگەکانیانە. بەم بۆنەوە دەکرێ بڵەین کە ژینگەناسی کۆنترین زانستی مرۆڤە. مرۆڤە سەرەتاییەکان بۆ دۆزینەوەی خۆراک و شوێنی دژمنەکانیان پێویستییان بەم جۆرە ژینگەناسییە بووە. تەنانەت وەرزێرە سەرەتاییەکانیش بۆ ناسین و بەڕێوەبردنی سەرچاوە زیندووەکانی خۆراک و ماڵی کردنی ئاژەڵەکانیان پێویستییان بەم زانستە ھەبووە. ئەم ژینگەناسە سەرەتاییانە بەردەوام خەریکی ناسینی گیاندارانی جۆراوجۆ و بڵاوەیان لە ژینگەدا بوون تا بە قازانجی کۆمەڵگاکەیان بجووڵنەوە. بەم جۆرە ژینگەناسییە، ژینگەناسی کاربەرانەیە و ئێستاکەش ژینگەناسە کاربەرەکان، ھۆگری ئەم جۆرە بابەتانەن:
- چۆن دەتوانین ڕادەی کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە خۆراکییەکان، بەرز بکەینەوە؟
- چۆن دەتوانین ئاژەڵ و گیا کەوییەکان بە باشترین شێوە فرە بکەین؟
چۆن دەتوانین سەرچاوە خۆراکییە زیندووەکان لە وەزەنی دژمنەکانیان بپارێزین؟
- چۆن دەتوانین ھۆکارەکانی نەخۆشکەر و مشەخۆرەکانی نێو لەشمان کۆنتڕۆڵ بکەین، تا ڕوو لە فرەیی نەنێن[٢]؟
- و...