ھێرشە مووشەکییەکانی ھەرێمی کوردستان و سووریا (٢٠٢٤)
لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، کۆماری ئیسلامیی ئێران زنجیرەیەک ھێرشی ئەنجامدا بۆ سەر شاری ھەولێر لە ھەرێمی کوردستان و پارێزگای ئیدلیب لە سووریا. لە ھێرشەکەی ھەولێر، لە ١٥ مووشەک، ١١ مووشەکی بالیستیکی لە ناو خاکی ئێرانەوە بەرەو پایتەختی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە کران.[١][٢] ھێرشەکە بووە ھۆی کوژرانی چوار کەس (لە نێویاندا منداڵێکی ١١ مانگە) و برینداربوونی شەش کەسی تر.[٣][٤] سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی سەبارەت بە ھێرشەکان بانگەشەی ئەوەی کرد کە بارەگای سیخوڕیی مۆسادی کردووەتە ئامانج،[٥] بەڵام ھیچ بەڵگەیەکی فەرمیی بڵاو نەکردەوە کە پشتگیری لەو بانگەشەیە بکات. دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش بانگەشەکانی سپای پاسدارانیان ڕەت کردەوە.[٦] چوار مووشەکەکەی دیکە ئاراستەی پارێزگای ئیدلیبی سووریا کران و ئەو ناوچانەیان کردە ئامانج کە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە کۆنتڕۆڵ کرابوون.[٧][٨]
ھێرشە مووشەکییەکانی ھەرێمی کوردستان و سووریا | |
---|---|
شوێن | ھەولێر، ھەرێمی کوردستان پارێزگای ئیدلیب، سووریا |
ڕێکەوت | ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ کاتژمێر ١١:٣٦ی شەو (یوو تی سی+٠٣:٠٠) |
ئامانج | بەپێی بانگەشەکانی ئێران بنکە و بارەگای سیخوڕیی تیرۆریستانی سەر بە مۆساد کراونەتە ئامانج؛ بەڵام ئێران نەیتوانیوە ئەمە پشتڕاست بکاتەوە، ھەروەھا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان و عێراقەوە بانگەشەکان ڕەت کراونەتەوە. |
جۆری ھێرش | مووشەکی بالیستیکی و ھێرشی درۆنی |
چەکوچۆڵ(ەکان) | ١٥ مووشەک |
مردن(ەکان) | ٤ مەدەنی |
بریندارەکان | ١٧ مەدەنی |
تاوانباران | کۆماری ئیسلامیی ئێران |
ھێرشبەران | سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی |
پشت ڕووداوەکان
لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بە دوو بۆمب ھێرش کرایە سەر ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی لە نزیک گۆڕەکەی، لە ڕۆژھەڵاتی کرمان. لەو ھێرشانەدا لانیکەم ٩٤ کەس کوژران و ٢٨٤ کەسی دیکەش برینداربوون. دواتر داعش بەرپرسیارێتی ھێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.[٩]
ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، بەڵێنی «وەڵامدانەوەی سەخت» بۆ ئەو ھێرشە ڕاگەیاند و وتی کە «بەرپرسانی ھێرشەکە لە ئێستا بەدواوە دەبنە ئامانجی دیاریکراوی ئێمە و سزایان دەدەین».[١٠]
ھێرشەکان
ھەرێمی کوردستان
بەرپرسانی ئەمریکا ڕایان گەیاند کە ھێرشەکان سەرکەوتوو نەبوون لە ئامانجەکانیان؛[١١] لە ھێرشەکەدا پێشڕەو دزەیی بازرگان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای جیھانی ئیمپایەر، لەگەڵ کچەکەی، ھاوکارێکی و کارگوزارێکی کوژرا.[١٢] ھەروەھا فڕۆکەخانەی نێونەتەوەییی ھەولێر بەشێوەیەکی کاتی داخرا. سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ھەر دوای ھێرشەکان بەرپرسیارییەتیی ھێرشەکەیان گرتە ئەستۆ.[١٣] جگە لەوەش ھێزەکانی ھاوپەیمانان سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە نزیک فڕۆکەخانەی ھەولێر خستە خوارەوە.[١٤][١٥]
سووریا
سوپای پاسداران ڕای گەیاند کە بە چوار مووشەک ھێرشیان کردوەتە سەر ھێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە باکووری ڕۆژاوای سووریا، کە بە تایبەتی لە ئەنجامدەرانی تەقینەوەکانی کرمانن لە ساڵی ٢٠٢٤.[١٤] ھێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە نیوەی شەودا چوار مووشەکی بالیستیکی مەودا مامناوەندی لە دارخوێنی پارێزگای خووزستانەوە ھەڵداوە و مەودای ١٢٠٠ کیلۆمەتریان بەڕێکردوە بۆ ئەوەی ئامانجەکانیان لە پارێزگای ئیدلیب بپێکن.[٢]