یەکتاپەرستی

لە تیۆلۆجیدا، یەکتاپەرستی یاخود مۆنۆسیزم (لە وشەی یۆنانی: μόνος «تەنیا»، و θεός «خودا») بریتییە لە باوەڕبوون بە بوونی تەنیا یەک خودا. ئایینە یەکتاپەرستییەکان ئەو ئایینانەن کە بانگھێشتیی پەرستنی تەنھا یەک ھەبوو دەکەن، کە خودایە، بە پێچەوانەی ئایینە فرەپەرستییەکان کە بانگھێشتی پەرستنی زۆرتر لە خودایەک دەکەن.

بە بڕوای موسوڵمانان تاکە ئایینی یەکتاپەرستی ئیسلامە کە بریتییە لە (الله) بە تەنھا پەرستن و ھاوەڵ دانەنان بۆ (الله) و خۆ دانە دەست فەرمانەکانی (الله) و دوورکەوتنەوە لەو کارانەی کە (الله) قەدەغەی کردووە، ئەو کەسانەی کە لەسەر ئایینی ئیسلام دەڕۆن بڕوایان وایە کە ھیچ خودایەک یان خواوەندێک شایەنی پەرستن نییە جگە لە الله و محەممەدیش نێردراوی خودایە.[١][٢]

ھەندێکیش بڕوایان وایە کە ئایینەکانی مەسیحییەت، یەھوودییەت و زەردەشتییەت ھەر یەکتاپەرستی بە حیساب دێن، بەڵام ھەندێک لە موسوڵمانان ڕەنگە ئەم باوڕەیان قەبووڵ نەبێت.

بنچینەکانی یەکتاپەرستی لە ئایینی ئیسلامدا

  1. یەکتاپەرستی خوایەتی: بریتییە لە بە تەنیا دانانی ئەڵڵا لە پەرستندا کە ھەموو جۆرێکی پەرستن دەگرێتەوە وەکو (پەنابۆبردن، پشت پێ بەستن، ھاوارکردن ، قوربانی کردن و ھەموو پەرستنەکانی تر کە بە دڵ و بە لاشە دەکرێت) وە لایان وایە کە لەگەڵ ئەم پەرستنانەشدا پێویستە ھاوەڵ بۆ ئەڵڵا دانەندرێ. ھەروەکو قورئان ئاماژەی بۆ کردووە[٣][٤]
  2. یەکتاپەرستی پەروەردگاریێتی: بریتییە لە بە تەنھا دانانی ئەڵڵا لە تایبەتمەندێتیەکانی پەروەردگارێتیدا وەکو (دروست کردن و ژیاندن و مراندن و، بەڕێوە بردنی بونەوەرو، ڕزق و ڕۆزی دان و،یاسا بۆ دانان و، فەرمان پێ کردن و، سودو زیان بەدەست بوون و، وێنەی ئەمانە). ھەروەکو قورئان ئاماژەی بۆ کردووە[٥][٦]
  3. یەکتاپەرستی ناو و سیفاتەکانی ئەڵڵا: بریتییە لە باوەڕبوون بە ئەڵڵا ھەروەک چۆن ئەڵڵا خۆی وەسفی کردووە لە قورئان یان پێغەمبەری ئیسلام وەسفی کردووە، بێ زیاد و کەم کردن و بێ نەھێشتن و لادانی ناو و سیفاتەکانی، ھەروەھا بەبێ چواندنیش بە ھیچ یەکێک لە درووستکراوەکانی. ھەروەکو قورئان ئاماژەی بۆ کردووە [٧][٨]

سەرچاوەکان