بێنجامین سێسکۆ
بێنجامین سێسکۆ (لەدایکبووی ٣١ی ئایاری ٢٠٠٣) یاریزانێکی تۆپی پێی پیشەگەری سلۆڤێنیایە کە یاری دەکات وەک ھێرشبەر بۆ یانەی ڕێد بۆڵ ساڵزبۆرگ و ھەڵبژاردەی تۆپی پێی سلۆڤێنیا. لە تەممووزی ٢٠٢٣ بە گرێبەستێک دەگوازرێتەوە بۆ یانەی ئەڵمانی لایپزیگ.
سێسکۆ لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لە ساڵی ٢٠١٩ لە دۆمزالێوە چووە یانەی ڕێد بۆڵ ساڵزبۆرگ. ئەو بۆ ماوەی دوو وەرز بە خواستن درا بە تیمی دووەمی سالزبۆرگ یانەی لیفێرینگ، کە لەوێ ٢٢ گۆڵی لە ٤٤ یاری دا تۆمارکرد لە ئاستی دووەمی تۆپی پێی نەمسا. لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ یەکەمین یاری خۆی بۆ تیمی یەکەمی کرد بۆ یانەی ڕێد بۆڵ سالزبۆرگ و دوو نازناوی بۆندسلیگای نەمسا و یەک جامی نەمسای بردەوە.
سێسکۆ ٢٥ یاری بۆ سلۆڤینیا لە ئاستی لاوانی ھەڵبژاردەکە ئەنجامدا. ئەو بوو بە لاوترین یاریزان کە بۆ تیمی یەکەمی سلۆڤینیا یاریبکات کاتێک لە حوزەیرانی ٢٠٢١ لە تەمەنی ١٨ ساڵ و یەک ڕۆژیدا یەکەمین یاری خۆی ئەنجامدا. یەکەم گۆڵی بۆ ھەڵبژاردەی نیشتیمانەکەی تۆمارکرد لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، کە وای کرد ببێت بە با لاوترین گۆڵکار بۆ ھەڵبژاردەی سلۆڤینیا.
کاروانی یانە
کاروانی سەرەتایی
سێسکۆ دەستی بە کاروانی پیشەگەری کرد لە یانەی ڕادیچێ.[٣] پاشان بۆ ڕودار تربۆلی یاری کرد، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ڕادیچێ.[٤][٣] لە ساڵی ٢٠١٦ گواسترایەوە بۆ یانەی کرسکۆ، کە لەوێ یاری دەکرد بۆ خوار-١٥ ساڵان و خوار-١٧ ساڵان.[٥] لە وەرزی ٢٠١٧–١٨، لە ٢٣ یاری بۆ یانەی خوار ١٥ ساڵان ٥٩ گۆڵی تۆمارکرد.[٥] لە ساڵی ٢٠١٨، سێسکۆ گواسترایەوە بۆ دۆمزالێ، کە لەوێ بۆ ماوەی یەک وەرز مایەوە.[٥]
ڕێد بۆڵ ساڵزبۆرگ
لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا و، لە ٣ی حوزەیرانی ٢٠١٩، سێسکۆ گرێبەستێکی سێ ساڵەی پیشەگەری لەگەڵ ڕێد بۆڵ ساڵزبۆرگ واژوو کرد.[٦] لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ یەکەم یاری خۆی لەگەڵ ڕێد بۆڵ ساڵزبۆرگ ئەنجامدا لە بردنەوەی ٣–٠ لە خولی بۆندسلیگای نەمسا بەرامبەر ھارتبێرگ.[٧]
خواستن بۆ لیفێرینگ
ڕاستەوخۆ دوای واژووکردنی گرێبەست لەگەڵ یانەی ڕێد بۆڵ ساڵزبۆرگ، گواسترایەوە بۆ یانەی دووەمیان لیفێرینگ، کە لە لە خولی دووەمی نەمسا یاریان دەکرد لە وەرزی ٢٠٢٠–٢١، لە ٢٩ یاری ٢١ گۆڵی تۆمارکرد و بوو بە دووەم باشترین گۆڵکاری خولەکە.[٨] زۆربەی گۆڵەکانی لە بەشی کۆتایی وەرزەکەدا تۆمارکرد و لە کۆتا ٧ یاریدا ١٣ گۆڵی تۆمارکرد.[٩]
لایپزیگ
لە ٩ی ئابی ٢٠٢٢، لایپزیگ ڕای گەیاند کە سێسکۆ لە ١ی تەممووزی ٢٠٢٣ پەیوەندیان پێوە دەکات، بە گرێبەستێک بۆ ماوەی پێنج ساڵ تا ٢٠٢٨،[١٠] بە تێچووی گواستنەوەی نزیکەی ٢٤ ملیۆن یۆرۆ.[١١][١٢]
کاروانی نێودەوڵەتی
سێسکۆ بۆ سلۆڤینیا و بۆسنیا و ھێرزێگۆڤینا (بەھۆی ئەوەی دایکی لە دۆبۆجەوە ھاتبوو) دەیتوانی یاری بکات، سێسکۆ یەکەمیانی ھەڵبژارد، کە نوێنەرایەتی وڵاتەکەی کرد لە ئاستەکانی خوار ١٥، خوار ١٦، خوار ١٧ و خوار ١٩ ساڵان.[١٣] یەکەمین یاری خۆی بۆ خوار ١٩ ساڵان ئەنجامدا لە یارییەکی دۆستانەدا بەرامبەر نەمسا لە ئەیلولی ٢٠٢٠.[١٤]
لە ئایاری ٢٠٢١، سێسکۆ لەلایەن ڕاھێنەری یەکەمی تیمەکە ماتاز کیک بانگکرا بۆ دوو یاری دۆستانە لە حوزەیرانی ٢٠٢١.[١٥] لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٢١ بۆ یەکەم جار بۆ سلۆڤینیا یاری کرد لە یارییەکی دۆستانەی لەگەڵ مەقدۆنیای باکوور. لەوکاتەدا تەمەنی ١٨ ساڵ و یەک ڕۆژ بوو و بوو بە لاوترین یاریزان لە پێکھاتەی یەکەمی نێودەوڵەتی، کە ڕیکۆردەکەی پێشووی پیتەر ستۆجانۆڤیچ شکاند کە حەوت ساڵ پێش ئەوە تۆماری کردبوو.[١٦] لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، سێسکۆ یەکەم گۆڵی بۆ سلۆڤینیا تۆمارکرد لە یاری پاڵاوتنەکانی جامی جیھانی فیفا ٢٠٢٢ بەرامبەر ماڵتا، کە بوو بە لاوترین گۆڵکاری سلۆڤینیا، لە تەمەنی ١٨ ساڵ و ٤ مانگ و ٨ ڕۆژدا.[١٧]
ئاماری کاروانی وەرزشی
یانە
یانە | وەرز | خول | جامی نیشتیمانی | کیشوەرەکان | کۆی گشتی | |||||
---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|
ئاست | یارییەکان | گۆڵەکان | یارییەکان | گۆڵەکان | یارییەکان | گۆڵەکان | یارییەکان | گۆڵەکان | ||
لیفێرینگ (خواستن | ٢٠١٩ ٢٠ | ٢. لیگا | ١٥ | ١ | - | - | ١٥ | ١ | ||
٢٠٢٠–٢١ | ٢. لیگا | ٢٩ | ٢١ | - | - | ٢٩ | ٢١ | |||
کۆی گشتی | ٤٤ | ٢٢ | ٠ | ٠ | ٠ | ٠ | ٤٤ | ٢٢ | ||
ڕێد بۆڵ ساڵزبۆرگ | ٢٠٢٠–٢١ | بۆندسلیگای نەمسا | ١ | ٠ | ٠ | ٠ | ٠ | ٠ | ١ | ٠ |
٢٠٢١–٢٠٢٢ | بۆندسلیگای نەمسا | ٢٤ | ٥ | ٥ | ٥ | ٨ | ١ | ٣٧ | ١١ | |
٢٠٢٢–٢٣ | بۆندسلیگای نەمسا | ٣ | ١ | ١ | ١ | ٠ | ٠ | ٤ | ٢ | |
کۆی گشتی | ٢٨ | ٦ | ٦ | ٦ | ٨ | ١ | ٤٢ | ١٣ | ||
تەواوی کاروانی وەرزشی | ٧٢ | ٢٨ | ٦ | ٦ | ٨ | ١ | ٨٦ | ٣٥ |
نێودەوڵەتی
- ھەتا ١٢ حوزەیرانی ٢٠٢٢[١٩]
تیمی نیشتیمانی | ساڵ | یارییەکان | گۆڵەکان |
---|---|---|---|
سلۆڤینیا | |||
٢٠٢١ | ٧ | ١ | |
٢٠٢٢ | ٦ | ١ | |
کۆی گشتی | ١٣ | ٢ |
خەڵاتەکان
ڕێد بۆڵ ساڵزبۆرگ
- بۆندسلیگای نەمسا :٢٠٢٠–٢١، ٢٠٢١–٢٢
- جامی نەمسا: ٢٠٢١–٢٢