سەگاو

سەگاو ( بە ئینگلیزی: Beaver ) گیانەوەرێکە لە خێزانی مەیکى ئاوى پلەى قرتێنەرەکان.

سەگاو قرتێنەرى ئاوییە ، بەزۆری لەناو ئاودا دەژی، لە قەدی ئەم دارانەى بە کەڵبە تیژەکانى دەیانبڕێت لە ئاوى مەنددا بەنداو دروست دەکات، . ئەم ئاژەڵە بە لێهاتووترین ئەندازیار دادەنرێت لە دروستکردنی بەنداو لە نێو گیانەوەرەکاندا.

نەخشەى بڵاوبوونەوەى سەگاو

ریشەى ناوەکەى

لە کوردیدا[١] بە سەگاو و سەگلاو دەناسرێت . هەروەها پێی دەوترێت مەیکى ئاوی و بادستر و سەیاڤى, لە زمانى کۆنى ئێرانیش بە شێوەى بیرەگ ناوى هاتووە لە ئاڤێستا بە شێوەى بەورە بە واتاى بۆرە (رەنگى قاوەیی) لە سنسکریتیش babhru بە هەمان واتا . وشە ئینگلیزیەکەش بیڤەر هەر نزیکە لە واتا کۆنەکەى لە ئەڵمانى Biber لە رووسی bobre و لە لاتینش fiber .

ژیان و سرووشت

ماددەیەکی چەور لەم گیانەوەرە دەردەهێنرێت پێی دەوترێت کاستۆریۆمە castoreum.

مێینەکەى ماوەی ئاووس بوونى ٦١ ڕۆژ دەخایەنێت، ٢ بۆ ٣ بەچکە دەترەکێنێ، دایکەکە بۆ ماوەی ٣ مانگ شیریان پێدەدات، بێچووەکان تا ساڵێک لە خێزانەکە جیا نابنەوە، سەگاوى هەراش درێژییەکەی دەگاتە ١٢٠ سم ، درێژی کلکی ٥٢ سم، و کێشی ١٥ کیلۆگرامە.

سەگاو لانەى حۆى لە ژێر ئاودا دروست دەکات بۆ حۆپاراستن، بو گەیشتن بە ناو لانەکەى نۆینێکى چەند مەتریی درووست دەکات کە بریتیە لە ژوورێکی بچووک بۆ حەوانەى خۆى و بێچووەکانى, قەد و لقەدار و قوڕ پێکهاتەى سەرەکیی لانەى پڕ سەمەرەى سەگاون کە زۆر ژیرانە سوودیان لێ دەبینێت بۆ بنیادنانى لانەیێکى پارێزراو و هەواکێش و تۆکمە.

سەگاو
لانەى سەگاو

جۆرەکان

سێ جۆر لە ڕەگەزی سەگاو هەن:

  • سەگاوى ئۆراسیا
  • سەگاوى ئەمریکی
  • مەیکى کالیفۆرنیایی ( لەناوچووە ) .[٢]

سەرچاوەکان