شەڕی بەرلین

ئۆپراسیۆنی ھێرشکردنە سەر بەرلین (بە ڕووسی: Берлинская наступательная операция) یان شەڕی بەرلین (بە ئەڵمانی: Schlacht um Berlin) یەکێک بوو لە دوا شەڕەکانی بەرەی ئەورووپی لە جەنگی جیھانیی دووەمدا، کە سۆڤیەت بە ئۆپەراسیۆنی ھێرشی ستراتیژی ناویان لێنابوو لەسەر بەرلین، کە تێیدا دوو بەرەی سۆڤیەتی لە ڕۆژھەڵات و باشوورەوە ھێرش دەکەنە سەر بەرلین و بەرەی سێیەمیش ھێرشی کردە سەر باکووری بەرلین.

شەڕی بەرلین
بەشێکە لەبەرەی ڕۆژهەڵات
ناونراوە لەدوایبەرلین
وڵاتئەڵمانیا
جێبەرلین
پۆتانی شوێن٥٢°٣١′٧″N ١٣°٢٢′٣٤″E
کاتی ڕوودان٢ی ئایاری ١٩٤٥
ڕێکەوتی دەستپێکردن١٦ی نیسانی ١٩٤٥
ڕێکەوتی کۆتاییھاتن٢ی ئایاری ١٩٤٥
Order of battleorder of battle for the Battle of Berlin
Map

شەڕەکە لە کۆتایی مانگی نیسانی ساڵی ١٩٤٥ تا سەرەتای مانگی ئایار بەدەوام بوو، و یەکێک بوو لە خوێناویترین شەڕەکانی مێژوو. ئەدۆڵف ھیتلەر و زۆرێک لە شوێنکەوتووانی پێش کۆتایی ھاتنی شەڕەکە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان ھێنا. ھێزەکانی ئەڵمانیا لە ٢ی ئایاردا لەژێر گەمارۆدا خۆیان ڕادەست کرد، بەڵام شەڕ لە باکووری ڕۆژاوا و ڕۆژاوا و باشووری ڕۆژاوای شارەکە بەردەوام بوو تا کۆتایی ھاتنی شەڕ لە ئەورووپا لە ٨ی ئایار (٩ی ئایار لە یەکێتی سۆڤیەت). یەکەکانی ئەڵمانیا کە لە ڕۆژاوا جێگیر بوون و شەڕی سۆڤیەتیان دەکرد، پێیان باشتر بوو خۆیان ڕادەستی ھاوپەیمانانی ڕۆژاوا بکەن کە نەچووبوونە شەڕەکەوە بە ھیوای مامەڵەی باشتر.

پێشەکی

لە ١٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٥ سوپای سوور لە وارشۆوە دەستی بە ھێرشی ڤیستولا-ئۆدەر کرد لەودیو ڕووباری نارێڤ. ئۆپەراسیۆنەکە سێ ڕۆژی خایاند لە بەرەیەکی فراواندا کە چوار کۆمەڵە سوپای لەخۆگرتبوو. لە ڕۆژی چوارەمدا سوپای سوور بە خێرایی نزیکەی ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژێکدا دەستی کرد بە جووڵە بەرەو ڕۆژاوا و وڵاتانی باڵتیک، گدانسک، پرووسیای ڕۆژھەڵات و پۆزنانیان تێپەڕان و ھێڵێکیان کێشا بە دووری ٦٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژھەڵاتی بەرلین و تەنیشت ڕووباری ئۆدەر.[١]

کۆمەڵەی تازە پێکھێنراوی سوپای ڤیستولا بە فەرماندەیی سەرۆکی یەکەکانی نوخبەی نازی ھاینریچ ھیملێر ھەوڵی ھێرشی بەرپەرچدانەوەی دا، بەڵام لە ٢٤ی شوبات شکستی ھێنا. سوپای سوور پێشڕەوی کرد بۆ ناو پۆمێرانیا و کەناری ڕاستی ڕووباری ئۆدەریان دەستەبەر کرد و گەیشتە سیلێسیا.[٢][٣]

لە باشوور شەڕی بوداپێست توند بوو، سێ ھەوڵی ئەڵمانیا بۆ شکاندنی گەمارۆی پایتەختی ھەنگاریا شکستی ھێنا و لە ١٣ی شوباتدا کەوتە دەستی سۆڤیەت. ئەڵمانییەکان جارێکی دیکە ھێرشی پێچەوانەیان کردەوە و ئەدۆڵف ھیتلەر پێداگری لەسەر دووبارە وەرگرتنەوەی دانووب کرد، ئەمەش ئەرکێکی مەحاڵ بوو. لە ١٦ی ئازاردا ھێرشی ئەڵمانیا بۆ سەر دەریاچەی بلاتوون شکستی ھێنا و بە ھێرشی پێچەوانەی ٢٤ کاتژمێری سۆڤیەت ھەموو ئەو ناوچانەی بەدەست ھێنایەوە کە ئەڵمانییەکان لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا بەدەستیان ھێنابوو. لە ٣٠ی ئازاردا سۆڤیەتەکان ھاتنە نێو نەمسا و لە ١٣ی نیساندا ڤیێننایان گرت.[٤][٥][٦]

لەو کاتەدا ڕوون بوو کە شکستی ڕیخی سێیەم تەنیا چەند ھەفتەیەکی دەوێت، چونکە لە نێوان مانگی حوزەیران و ئەیلوولی ١٩٤٤ سوپای ئەڵمانیا (ڤێرماخت) زیاتر لە ملیۆنێک پیاوی لەدەستدا و سووتەمەنی و تەقەمەنی کەم بوو. بەڵام ھیتلەر سەرەڕای ئامۆژگاری ڕاوێژکارەکانی بڕیاریدا لە شارەکەدا بمێنێتەوە. لە ١٢ی نیساندا ھیتلەر لە مردنی فرانکلین ڕۆزڤێڵتی سەرۆکی ئەمریکا ئاگادار بوو، ئەمەش ھیوایەکی درۆی پێبەخشی کە دابەشبوونێک لە نێوان ھاوپەیمانەکاندا ڕووبدات و بەرلین بتوانێت لە دوایین ساتدا بمێنێتەوە، وەک ئەوەی پێشتر بەناوی «موعجیزەی براندنبێرگ» ناودەبرا.[٧][٨][٩]

ھاوپەیمانانی ڕۆژاوا ھیچ ھەنگاوێکیان نەنا بۆ یارمەتیدانی سۆڤیەت بۆ چوونە ناو بەرلین و پاساوی زۆریان ھەبوو. ژەنەڕاڵ ئایزنھاوەری ئەمریکی پێی وابوو کە بەرلین لە دوای جەنگ لە چوارچێوەی بازنەی دەسەڵاتی سۆڤیەتدا دەبێت، بۆیە پێویست ناکات گیانی سەربازە ئەمریکییەکان بکاتە قوربانی، ھەروەھا ترسی لە «تەقەکردنی دۆستانە» ھەبوو کە سەربازەکانی لە کاتی چوونە ناو شارەکەدا بەر سەربازەکان بکەوێت. تاکە دەستوەردانی ڕوونی ڕۆژاوا لە تێکشکاندنی پایتەختی نازییەکان بۆردوومانی ئاسمانی ستراتیژی بوو لە ماوەی ساڵی ١٩٤٥ لەلایەن ھێزی ئاسمانیی ئەمریکا و ھێزی ئاسمانیی شاھانەی بەریتانیا کە لە شەوی ٢٠–٢١ی نیسان پێش ئەوەی سۆڤیەتەکان بچنە نێو شارەکە.[١٠][١١]

سەرچاوەکان