فەلسەفەی زەین

فەلسەفەی زەین لە لقەکانی فەلسەفەیە کە لە سروشتی زەین و پەیوەندیی لەگەڵ لەشدا دەکۆڵێتەوە. پرسی زەین-لەش مژارێکی پارادایمییە لە فەلسەفەی زەیندا، ھەرچەند قسە لە ژمارەیەک مژاری دیکەش دەکرێ، وەک پرسە دژوارەکەی وشیاری و سروشتی حاڵەتگەلی زەینیی تایبەت.[١][٢][٣] ئەو لایەنانە کە تاوتوێ دەکرێن بریتین لە ڕووداوە زەینییەکان، کارکردە زەینییەکان، تایبەتمەندییە زەینییەکان، وشیاری و بەستراویی وشیاری بە دەمارەوە، ئۆنتۆلۆجیی زەین، سروشتی فیکر و ناسیاری و، پەیوەندیی نێوان زەین و لەش.

لە پرسی زەین-لەشدا، دوو فێرگە و قوتابخانەی فیکریی جیاواز وە جواب ھاتوون: دوالیزم و مۆنیزم.  ھەڵبەت بڕێ روانگەی وەھاش دەرکەوتوون کە بەڕێکوپێکی لە ناو ھیچ یەک لەم دوو  پۆلەدا ناگونجێن.

  • دوالیزم لە سەدەی حەڤدەھەمەوە بە یارمەتیی ڕێنێ دێکارت ڕێی خۆی بۆ ناو فەلسەفەی ڕۆژاوا دۆزییەوە. دوالیستە جەوھەرییەکان، وەک دێکارت، دەیانوت زەین خۆی جەوھەرێکی سەربەخۆیە، لەو لاشەوە، دوالیستە عەرەزییەکان باوەڕیان وا بوو کە زەین جەوھەرێکی جیاواز نییە، بەڵکوو کۆمەڵێ لە عەرەزگەلی تایبەت و سەربەخۆیە کە مێشک ھۆی وەدیارکەوتن و ئاشکرابوونیانە، بەڵام [زەین] بەرفرەتر لە مێشکە و ناکرێ بۆ مێشک داببەزێنرێ و چکۆلە بکرێتەوە.[٤]
  • لە بەرامبەر دوالیزمەوە، مۆنیزم وامان پێ فێر دەکا کە زەین و لەش لە ڕووی ئۆنتۆلۆجییەوە ناکرێ لێکتر جیا بکرێنەوە. لە فەلسەفەی ڕۆژاواییدا یەکەم کەسێ کە لەسەر ئەم ڕوانگەیەی کردەوە فەیلەسووفی سەدەی پێنجەمی پێش زایین پارمێنیدیس بوو، دواتریش ڕاسیۆناڵیستی سەدەی حەڤدەھەم بارۆخ سپینۆزا پشتیوانیی لێ کرد.[٥] فیزیکاڵیستەکان باوەڕیان ئەوەیە تەنیا شتانێک کە ھەن ئەوانەن کە تیۆریی فیزیکی ھەبوونیان دەستەبەر بکا و، چییەتیی پرۆسە زەینییەکانیش، بەرەبەرە کە تیۆرییە فیزیکییەکە دەگۆڕدرێ و پەرە دەستێنێ، بە پێی ئەمانە ڕوون دەبێتەوە. فیزیکاڵیستەکان لە بابەت داشکاندن و دابەزاندنی تایبەتییە زەینییەکان بە تایبەتییە فیزیکییەکان ھەڵوێستی جۆراوجۆر دەنوێنن (زۆربەیان خۆیان لەگەڵ شێوازگەلێ لە دوالیزمی عەرەزیدا ڕێک خستووە)[٦][٧][٨][٩][١٠][١١] و دۆخی ئۆنتۆلۆجیکیی تایبەتییە زەینییەکان ھەروا لێڵ و ناڕوون ماوەتەوە.[١٠][١٢][١٣] ئایدیالیستەکانیش دەڵین ھەموو ئەوەی کە ھەیە زەینە و بەس. دنیای دەرەوەش یان زەینییە یان وەھمێکە زەین خولقاندوویەتی. مۆنیستە بێلایەنەکان، وەک ئێرنست ماخ و ویلیام جەیمز، دەڵێن لە بابەت ڕووداوەکانی جیھانەوە دوو ڕێگەمان لە پێشە: یان دەتوانین زەینی (دەروونناسانە) ڕەچاویان بکەین یان فیزیکی، ئەمەش گرێدراوی ئەو تانوپۆیەیە کە تێی دەکەون. مۆنیستەکانی دیکەش، وەک سپینۆزا شوێن ئەو بۆچوونە کەوتوون کە پێی وایە چەشنێک جەوھەری بێلایەنی تر ھەیە کە ھەم ماددە و ھەمیش زەین عەرەزەکانی ئەم جەوھەرە نەناسراوەن. زۆربەی فێرگەکانی مۆنیزم لە سەدەکانی ۲۰ەم و ۲۱ەمدا گێڕانەوەگەلێک لە فیزیکاڵیزمن.[١٤]

سەرچاوەکان