ناری
مەلا کاکە حەمەی بێلوو کوڕی مەلا ئەحمەد ناسراو بە ناری (١٨٧٤-١٩٤٤) شاعرێکی کورد خەڵکی ناوچەی مەریوان بووە. ھۆنراوەکانی نالی و مەحوی کارییان تێکردووە و وشەی «ناری»ی کردووە بە نازناوی ھۆنراوەی خۆی. ناری یەکێکە لە شاعیرەکانی ڕێبازی کلاسیزمی کوردی و پەیڕەوانی تەریقەتی قادری. زۆربەی ژیانی لە دێی بێلوو مەلا بووە، بۆیە بە مەلا کاکە حەمەی بێلووش بەناوبانگە.
ناری | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٨٧٤ مەریوان |
مەرگ | ١٩٤٤ (بە تەمەنی ٧٠) بێلوو |
پیشە | شاعیر |
ژیان
ناوی کاکە حەمەیە و کوڕی مەلا ئەحمەدی کوڕی مەلا محەممەدی کوڕی مەلا عەربدولڕەحمانە. لە ساڵی ١٨٧٤ دا لە گوندی کیکن لە ناوچەی مەریواندا ھاتۆتە دنیاوە.لە تەمەنی شەش ساڵیدا لای باوکی دەستی بەخوێندن کردووە، قورئان و پەڕتووکە وردەڵەکانی تەواوکردووە، ئینجا بەفەقێتی بەدوای خوێندن لە مەریوان، سنە، پێنجوێن، سلێمانی، بانە، سابڵاغ، وان، باشقەڵا، ھەولێر و ڕەواندز گەڕاوە. لە ڕەواندز لای مامۆستا ئەسعەدە فەندی خەیلانی ئیجازەی مەلایەتی لە ساڵی ١٨٨٩ وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە بۆ کیکن. پاشان بە داوای حسێن بەگ مالکی بێلوو چووە گوندی بێلووی نزیک بە مەریوان و بە دەرس وتنەوەوە خەریک بوە تا ساڵی ١٩٤٤ کۆچی دوایی کردووە و ھەر لە بێلوو بەخاک سپێردراوە.
ناری لە ئەو کەسانەیە لەگەڵ ئەوەدا کە ھۆنراوەی ئایینی و غەرامیی ھەیە، گەلێک ھۆنراوەی نیشتمانیشی ھەیە. لە دۆستانی بە ناوبانگی ناری دەتوانین ئاماژە بکەینە سەر تاھیر بەگی جاف و شێخ مەحموودی حەفید کە گەلێک ھۆنراوە و پەخشانی زۆر جوانی بۆ داناون.
ڕوخساری ھۆنراوەکانی
- کێشی عەرووزی عەرەبی بەکارھێناوە.
- یەکێتی قافیەی پاراستووە.
- وشەی عەرەبی و فارسی لە ھۆنراوەکانیدا دیارە.
- گرنگی بەوشەکاری و ڕازاندنەوە داوە، لە وشە دەربڕین و بەھرەی وشە ئاراییدا شارەزایییەکی بەتوانا بووە.
- ئارەزووی لە جیناس لە شێعردایە. بۆ نموونە ئەم شێعرە:
بە شمشێری مەلالەت بوو، کەوا جەرگی مەلا لەت بوو | بەڵێ مەشھووری ئافاقە مەلا نیوەی مەلالەت بوو | |
بە پیکی خەم لەسەر سنگی کەلالەت، گەوھەری قەلبی | وەھا لێدا زەمانە، دەستی بشکێ وەک کەلا لەت بوو |
ناوەڕۆکی ھۆنراوەکانی
لەڕووی ناوەڕۆکەوە ئەم مەبەست و بابەتانە بەئاشکرا لە ھۆنراوەکانیدا دەدرەوشێتەوە:
- دڵداریی و خۆشەویستیی
- ستایشی ئایینی
- نیشتمانپەروەریی و نەتەوایەتی
نموونەی شیعرێکی دڵداری لای ناری:
چاوەکەم من بۆیە دایم کارو پیشەم زارییە | حاکمی چاوت لەگەڵ من مایلی غەدارییە | |
شۆڕش و ناڵینی کەس بێ وەجھو بێ عیللەت نییە | ئاھی من فەریادی بولبول ئیشی بێ غەم خوارییە | |
من ھەر ئەو ڕۆژە دەسم شۆری لەڕۆحی خۆم کەدیم | حەزرەتی خوون خواری ئەبرۆت مەشرەبی خوونخوارییە | |
گەر دەپرسی بۆچی بێ نەشئەو مەلوول و عاجزی | روومەتی زەردم عەزیزم شاھیدی بێ بارییە | |
کەم بە خەندە بێ بەلامۆ حەیفە تەعنەم لێ دەدەی | لێم گەڕێ توبێ و خودا ئەم جارە دەردم کارییە | |
دڵ لەشامی پەرچەمی ڕووتا بەدایم بێ خەوە | چونکە کێشکچی لەشەودا عادەتی بێدارییە | |
حیکمەتی پڕ مەسئەلەی کوڵمت بۆ کێ حەل دەبێ؟ | ھەر سەحیفە سەد ئیشارەو ڕەمزی تێدا جارییە | |
خاڵی ڕوخسارت ھیدایەت بەخشە، شەرحی زوڵفەکەت | قازی ئاسا حاشییەی ئەگریجەگەکانت لارییە | |
رووت وەکوو ئاتەش موژەت وەک شیشە ئەبرۆت قیمەکێش | میڕوەحەت زولف و کەبابت جەرگی پارەی نارییە |
نموونەی شێعری ئایینی ناری:
سووڕەتی یاسین کە وەسفی حەزرەتی لەولا ئەکا | ئەھلی دڵ مایل بە جیلوەی سووڕەتی تاھا ئەکا | |
خاکی بەردەرگاھی قەسری، گەر بە سەردا کا گەدا | ھەر نەفەس نەفرەت لە تاجی قەیسەر و دارا ئەکا | |
ئاسمان وەک مشتەری، ھەردەم بە میزانی وەفا | کەسبی ھەر شامێ بە یادی دەوڵەتی ئەسرا ئەکا | |
گەر تەسەوور کا مەسیحی تەختی عەرشی ئەعزەمی | تا ئەبەد تەرکی بەیانی ڕەفعەتی عیسا ئەکا | |
نووری عیشقی تۆ لەسەر تووری دڵی مووسا مەگەر | دای لەسەر سینەی بە شەوقی دڵ یەدی بەیزا ئەکا | |
بۆ خەلیلان گەر نەسیمی گوڵشەنی لووتفت ببێ | ناری نەمردوودی بە سەحنەی جەننەتولمەئوا ئەکا | |
تاقی کیسرا بۆ بە بەرقی نووری حوسنی شەق نەبێ! | سەیلی حوکمی ناری فارس زایل و ڕیسوا ئەکا | |
ئەی حەبیبی خالیقی عالەم! لە ئادەم تا بە تۆ | ئەنبیا یەکییەک بەیانی حەزرەتی والا ئەکا |
سەرچاوەکان
- سەججادی، عەلائەددین، مێژووی ئەدەبی کوردی، چاپخانەی مەعارف، بەغدا، ١٩٥١.
- ناری، مەلا کاکە حەمە، دیوانی ناری، کۆکردنەوە و پێشەکیی کاکەی فەلاح.
- سدیق بۆرەکەیی-سەفی زداە، مێژووی وێژەی کوردی، دەزگای ئاراس، ھەولێر، ٢٠٠٨.