دەروازە:وێژە

دەروازەی وێژە


بەخێربێن بۆ دەروازەی وێژە!

وێژە یان ئەدەب (بە ئینگلیزی: Literature، بە عەرەبی: أدب)، بریتییە لە شێوازێک بۆ دەربڕینی سۆز و بیرۆکە و ھزرەکانی مرۆڤ بەجوانترین شێوازەکان کە لەنێوان شیعر و پەخشاندا یاری دەکات.وێژە، بە دوو واتای جودا بەکاردێت، یەکەمیان تایبەتییە کە مەبەست پێی ئەو ئاخافتن و گوتراوانە نایابانەن کە خۆشی و شادی دەخەنە دڵی گوھدار و خوێنەرانەوە، جا گوتراوەکان ھۆنراوە بن یا پەخشان، ھەڵبەستی نایاب و ھۆزانی بەرز و چیرۆکی خۆش و گوتاری ناوازە گەلەک بەشی دی دەکەونە ژێر ئەم پێناسە.

زیاتر...

ھەنووکە ١٬٤٣٤ وتار لە دەروازەی وێژەدا ھەیە.

وتارێک لەوان بە ھەڵکەوت ببینە

وتاری ھەڵبژێردراو

شازادە بچکۆڵە (بە فەڕەنسی: Le Petit Prince) یەکێکە لە چیڕۆکە بەناوبانگەکانی چیڕۆکنووس و شاعیری فەرەنسی؛ ئانتوان دۆ سانت ئێگزوپێری. لە ساڵی ١٩٤٣ لە نیویۆرک بە ھەردوو زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە. کتێبی شازادە بچکۆڵەکە وانەیەکی فەلسەفییە بەڵام لە بەرگی چیڕۆکێکی منداڵانە.
ئەو کتێبە باس لە چاوپێکەوتنی شازادە بچکۆڵەکە دەکات لەگەڵ یەکێک لە کەسە گەورەکان و ئەو ھەڵسوکەوتە نامۆیانەی کە کەسە گەورەکەن ئەیکەن کە چەندەھا ئاماژە و مانا لەخۆ ئەگرن.
چیرۆکەکە بە زمانێکی سادە و ئاسان نووسراوەتەوە، چونکە چیرۆکە بۆ مناڵانە و پێوستە مناڵان لێی تێبگەن. ئەم چیرۆکە زۆر بە ئاسانی مانا و چەمکەکانی ژیان لە لای کەسە گەورەکان پیشان دەدات.
وێنە ئاوییەکان بەشێکی گرنگی چیرۆکەکەن لەبەرەوەی مانای چیرۆکەکە بە ڕوونی پیشانی خوێنەر دەدەن، و جوانی و ڕەسەنایەتییش ئەبەخشنە چیڕۆکەکە.
نووسەر لەو چیرۆکە بانگھێشتی خوێنەر ئەکات بۆ ئەوەی ئەو منداڵەی لە ناخی دایە بی دۆزێتەوە، چونکە "ھەموو کەسە گەورەکان لە سەرەتا مناڵ بوون، بەڵام کەمیان ئەو ڕاستییەیان لەبیرماوە".
یەکەم دەستنووسی چیرۆکەکە لە کتێبخانەی پیێرپۆنت مورگان (Pierpont Morgan Library) لە نیویۆرک لەژێر ناونیشانی ١٣١٧٦١ پارێزراوە.
سانت ئێگزوپێری ئەم چیرۆکەی کاتێک نووسی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەژیا. شازادە بچکۆڵە وەرگێڕدراوەتە سەر زیاتر لە ٢٢٠ زمان و دیالێکت و زیاتر لە ١٣٠ میلیۆن دانەشی لێ فرۆشراوە، کە ئەمە وای کردووە وەکوو یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێبەکان بێتە ئەژمار.

زیاتر...

وێنەی ھەڵبژێردراو

ڕۆمیۆ و جولیەت تراژێدیای نووسراوە لەلایەن ویلیام شێکسپیر شانۆنووسی بەناوبانگی ئینگلیزی

ئایا زانیوتە؟

  • ژان پۆڵ سارتەر لە ساڵی ١٩٦٤ خەڵاتی نۆبڵی لە بواری ئەدەبدا پێبەخشرا بەڵام لەبەر چەند ھۆکارێک خەڵاتەکەی ڕەتکردەوە.
  • ڤێداکان لە کۆنترین نووسراوەکانی زمانە ھێند و ئورووپاییەکانن کە لە ساڵانی ١٠٠٠ تا ٥٠٠ی بەر لەدایکبوونی مەسیح بە زمانی سانسکریتی ڤێدی نووسراون.
  • سالم و مستەفا بەگی ساحێبقران ناسراو بە کوردی ئامۆزای یەکترن.

یارمەتیت پێویستە؟

ئایا پرسیارێکت سەبارەت بە وێژە ھەیە و ناتوانیت وڵامەکەی بدۆزیتەوە؟

سەیری مێزی زانیاری بکە و پرسیارەکەت لەوێ بپرسە.

ژیاننامەی ھەڵبژێردراو

ئۆرھان پاموک لە ٧ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٥٢ لە ئەستەنبوڵ لەدایک بووەو تا ئەوڕۆش ھەر لەو شارە و لەو خانووەش دەژی کە تێیدا ھاتۆتە دنیاوە. ئەو لەناو خێزانێکی دەوڵەمەند و گەلێ خوێندەوار و ڕۆشنبیردا گەورە بووە، بەڵام باوکی ھەر زوو ماڵ و سامانی خۆی لە دەست داوە. ناوبراو لە شاری ئەستەمبووڵ بەشی ئەندازیاری و ڕۆژنامەوانی تەواو کردووە. ماوەیەکیش ویستوویەتی ببێ بە ھونەرمەند، ناوبراو ڕۆماننووس و سیناریۆنووسێکی ناسراوی تورکە، لە ساڵی ٢٠٠٦ خەڵاتی نۆبێلی لە ئەدەب پێیبەخشرا، ناوبراو لە ساڵی ١٩٧٩ تائێستا لەبواری ئەدەبی کاردەکات، بەرھەمەکانی ئەو زیاتر لە ٦٠ زمان ھەیە لەنێوانیان زمانی کوردیش ھەیە لە وەڕگێڕانەکانی بەکر شوانی و سامان کەریم، لە بەشێ لە بەرھەمەکانی باسی کۆمەڵکووژی ئەرمەن و کوردی کردووە لەلایەن عوسمانیەکان بەو ھۆیەشەوە چووەتە دەرگا بەڵام بەھۆی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لە دادگاییکردنی بەخشرا.ئۆرھان پاموک لە ٧ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٥٢ لە ئەستەنبوڵ لەدایک بووە لە ماڵباتێکی ھاوشێوەی ماڵباتەکانی ناو ڕۆمانەکانی جەودەت بەگ و کوڕەکانی و کتێبی ڕەش، لە نیشانتاشی، بەشەشاری دەوڵەمەندنشین و بە ڕۆژئاواییبووی ئەستەنبوڵ پێ گەیشتووە. وەک خۆیشی لە کتێبی ئۆتۆبیۆگرافی ئیستانبوڵدا باسی کردووە، لە منداڵییەوە تا تەمەنی ٢٢ ساڵی خووی داوەتە نیگارکێشان و پێی وا بووە لە داھاتوودا دەبێت بەنیگارکێش. قۆناغی ئامادەییی لە قوتابخانەی (Robert College)ی ئەمریکایی لە ئیستانبوڵ خوێندووە.

زیاتر...

وێژەی کوردی

گۆڕی مەم و زین بەیەکەوە لە جزیرەی بۆتان، ٢٠٠٨
گۆڕی مەم و زین بەیەکەوە لە جزیرەی بۆتان، ٢٠٠٨

مەم و زین چیرۆکی ئەوینداریی دڵتەزێنی کوڕێک بە ناوی مەم و کچێک بە ناوی زینە کە ئەحمەدی خانی شاعیری گەورەی کورد لە ساڵی ١٦٩٢ لەسەر بنەمای چیرۆکێکی ڕاستیدا بە شێوەزاری کورمانجی کردوویەتی بە مەسنەوییەکی بەنرخ و درێژ. خانی ڕوداوەکانی ناو داستانەکەی سەر لەنوو بەزیاتر لە (٢٥٥٠) دێر ھۆنراوە داڕشتەوە. مەم و زینی ئەحمەدی خانی یەکێک لە بەرھەمە گرینگەکانی وێژەی کلاسیکی زمانی کوردییە. یەکەم جار لە ١٩١٩ لە ئەستەمبوڵ چاپ کراوە. ھەژار شاعیر و نووسەری کورد، ھەر بە ھۆنراوە وەریگێڕاوەتەوە بۆ زاری موکریانی.

زیاتر...

پۆلەکان

وتەی ھەڵبژێردراو

«ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم، بەڵام نامەوێت شێوەتم بیربکەوێتەوە.
وەقتی غەریبی و غوربەت، وام بە کۆتی خۆتەوە
کە خۆت پێڵاوی دوژمنان ماچ دەکەی،
کێ وەکوو سەگ پەتکەم و بیخەمە ژێر پێتەوە؟
غەمبارم کە دەتبینم دوژمنم وەک سەگ پەتت دەکات و دەتخاتە ژێر پێیەوە.
ئەی نیشتمانی بێ شەرەفان
کە من بە گۆرانی دەمرم، بۆ بە خەنجەر دەمکوژیت؟»

بەختیار عەلی

وەتەن و ئیشی مۆسیقارێکی ماندوو

دەروازە پەیوەندیدارەکان

ئەو کارانەی دەتوانیت بیانکەیت

پڕۆژەکانی تری ویکیپیدیا

ویکیپیدیا لەلایەن دەستکاریکەرانی خۆبەخشەوە نووسراوە و لەلایەن دامەزراوەی ویکیمیدیا ڕاژە کراوە، کە دامەزراوەیەکی قازانج نەویستە و پڕۆژەگەلێکی تری خۆبەخشانەش ڕاژە دەکات وەک:

دەروازەکان