نایەکسانیی کۆمەڵایەتی

نایەکسانیی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی گشتی ڕوودەدات لە کاتی دابەشبوونی سەرچاوەکان بە شێوازێکی نایەکسان لە کۆمەڵگەیەک دا، کە زۆرجار ئەمە ڕوودەدات لەڕێی شێوازی دابەشکردنە باوەکانەوە کە دەبێتە ھۆی ھاتنەکایەی چەند چینێک لە ناو دانیشوان دا. توانای دەست گەیشتن بە سەرچاوەکان لە کۆمەڵگەدا دەگەرێتەوە بۆ جیاوازی ھێز، ئایین، ڕەگەز، نەژاد، تەمەن، چین و پلە و پایە. مافەکانی کۆمەڵایەتی ئەمانە لەخۆدەگرێت (بازاری کار، سەرچاوەی داھات، خزمەتگوزاری تەندروستی، ئازادی گووتار، پەروەردە و فێرکردن، لایەنگری سیاسی و بەژداری کردن.)[١] یەکێک لە باوترین نموونەکانی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی بریتییە لە دابەشکردنێکی نایەکسانی سەرچاوەکانی داھات کە بە شێوەیەکی بەردەوام لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.

ھەردوو بوارەکانی زانستی ئابووری و دەرووناسی چالاکانە ھەڵدەستن بە لێکۆڵینەوە و شیکارکردنی بابەتی نایەکسانی، بەڵام ھەر یەکێکیان ڕێبازێکی جیاوازی بیردۆز بەکاردەھێنێت بۆ لێکۆڵینەوە و ھەڵسەنگاندنی دیاردەکە. جگە لە لایەنە ئابووریەکە، سەرچاوە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکانیش دەکرێت لە زۆر ناوچەدا بە نایەکسانی دابەش بکرێن کە دەبێتە ھۆی جیاوازی باری کۆمەڵایەتی. ھەروەھا ئەو شێوازی دابەشکردنە باوانە بەھەمان شێوە دەکرێت کاریگەری بکاتە سەر دابەشبوونی (ماف و تایبەتمەندێتیی، ھێزی کۆمەڵایەتی، ئاسان گەیشتن بە پەروەردە و دادوەرییەکان، ھەبوونی خانووبەرەی شیاو، گواستنەوە، خزمەتگوزاری ئابووری وەک بانکەکان و چەندەھا خزمەتگوزاری و پێداویستی کۆمەڵایەتی دیکە.)

نایەکەسانی خزمەتگوزاری تەندروستی

ئەم نایەکسانییە پێناسە دەکرێت بە بوونی بارودۆخی تەندروستی جیاواز یان دابەشبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی جیاواز بەسەر دانیشتوانی ناوچە جیاوازەکان دا.[٢]

نایەکسانیی تەندروستی لەزۆربەی بارەکان دا پەیوەستە بە گەیشتن بە خزمەتگوزاری تەندروستی. لە وڵاتە پیشەسازییەکان دا ئەو وڵاتانەی جێبەجێی سیستەمی بیمەی تەندروستی گشتی ناکەن زۆرترین ڕێژەی نایەکسانیی تەندروستیان تێدا تێبینی دەکرێت وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. چونکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دا کەرتی تەندروستی بە شێوەیەکی یەکجار زۆر بە خاوەندارێتی تایبەت کراوە، توانای خزمەتگوزاری تەندروستی بەندە لەسەر رێژەی سەرمایەی تاکەکەس، بە واتایەکی دی خزمەتی تەندروستی بە ماف تەماشا ناکرێت بەڵکو وەک کاڵایەکی بازرگانی مامەڵەی پێوە دەکرێت کە دەتوانرێت لەڕێی دامەزراوە بیمەییە تەندروستییەکانەوە بکردرێت (یان لەلایەن خاوەن ئیشەکانەوە دابین بکرێت). شێوازی ڕێکخستنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دا دەبێتە ڕێ خۆشکەر بۆ نایەکسانیی تەندروستی بەھۆی ڕەگەز، نەژاد، بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری.[٣]

وەک ڕایت و پێری ئاماژەی پێ دەکەن "پلەبەندی و چینایەتی ئاستی کەسەکان لە کۆمەڵگەدا رێکاری سەرەکییە لە نایەکسانیی کۆمەڵایەتی دا". لە ویلایەتە یەکگرتووەکان زیاد لە ٤٨ میلیۆن تاکەکەس (بە واتای یەک لەسەر شەش بەشی دانیشتوان) بە بێ بیمە و خزمەتگوزاری تەندروستین[٤] زۆربەی ئەو ژمارەیە خۆیان لە بارودۆخێکی خراپی ئابووری، کۆمەڵایەتی و داھاتی رۆژانەدان.

ئەو وڵاتانەی کە پەیڕوەی سیستەمی بیمەی تەندروستی گشتی دەکەن نایەکسانیی تەندروستی کەمی کردووە. بۆ نموونە کەنەدا و چەند وڵاتێکی ئەورووپا، خەڵکی پێویست ناکات نیگەران بن لە بارەی تێچووی خزمەتە تەندروستی یان بارودۆخەکانی فریاکەوتنەوە چونکە خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ھەموو دانیشتوان دابین کراوە بەبێ جیاوازی.[٥][٦]

نایەکسانیی خۆراک

کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی بەرچاو ئەنجام دراوە لەسەر دیاردەی کەمی خۆراک. لە ناوچە و گەڕەکە ھەژارەکان، نەبوون و دەست نەگەیشتن بە خۆراکی سروشتی و نوێ بۆتە ھۆی ھاتنەکایەی ژمارەیەکی دیاریکراو لە سەرچاوە خۆراکییەکان و خۆراکی ھەژار بە پێکھاتە سوودبەخشەکان و جێ گرتنوەیان بە خۆراکە لە قوتوونراوەکان. کەمی خۆراکی سروشتی بۆتە ھۆی ئەنجامی دیاردەی قەڵەویی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و چەندەھا وڵاتی تردا.[٧]

نایەکسانی و گەشەسەندنی ئابووری

لە ئابووریە سەرمایەدارییەکان دا گەشەسەندنی ئابووری چەمکێکی بنچینەییە. بەپێی سەرمایەداری، کاتێک ژمارەی دانیشتوان زیاد دەکات ئەوا دەبێت بەرھەمھێنان زیاد بکات و سەرمایەش بەھەمان شێوە لە زیادبوون دا بێت بۆی بتوانێت تێچووی ئەو بەرھەمە زیادەیە بدات.

لێکۆڵینەوەکانی دوو دەیەی کۆتایی سەدەی بیست و یەکەم، ئەو بیردۆز و گریمانەیەی خستۆتە ژیر پرسیار و شیکردنەوەوە کە بانگەشە دەکات (نایەکسانیی ئابووری پێویست و مەرجە بۆ گەشەسەندنی ئابووری). ھەرچەندە بوونی نایەکسانیی ئابووری تا ڕادەیەک پەیوەندییەکی ئەرێنی ھەیە لەگەڵ گەشەسەندنی ئابووری لە سنووری چەند مەرج و چوارچێوەیەک دا بەڵام بە شێوەیەکی گشتی نایەکسانی پەیوەندییەکی ئەرێنی نییە لەگەڵ گەشەسەندنی ئابووری دا و تەنانەت لە چەند بارێک دا کاریگەرییەکی نەرێنی توندیشی ھەیە.[٨][٩]

ئەمانەش ببینە

سەرچاوەکان