وەستانی فەیسبووک (٢٠٢١)

لە ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، لە کاتژمێر ١٥:٣٩ بە کاتی گەردوونیی ھاوھەنگاو، تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لەپاڵ ژێر پڕۆژەکانی وەک مێسنجەر، ئینستاگرام، واتس ئەپ، ماپیلاری و ئۆکولۆس بە تەواوی لە گشت جیھان بۆ ماوەی ٧ کاتژمێر لەکار کەوت.[١][٢] لەپاڵ ئەوانەشدا، بەکارھێنەران نەیان دەتوانی لەڕێی ئەپلیکەیشنی لایەنی سێیەم بچنە ھەژمارەکانیانەوە.[٣] لەماوەی لەکارکەوتنی فەیسبووک، زۆرێک لە بەکارھێنەرانی ئەو تۆڕە ڕژانە تۆڕەکانی توویتەر، دیسکۆرد و تەلەگرام و لە ئەنجامدا بارێکی زۆر کەوتە سەر ئەم ئەپڵیکەیشنانەش.[٤][٥][٦] ھۆکاری لەکارکەوتنی فەیسبووک دەگەڕێتەوە بۆ لەدەستدانی ئایپی ڕاوتینگ بۆ ڕاژەی سیستمی ناوی پاوان (DNS).[٤][٧] دواتر لە کاتژمێر ٢٠:٥٠، پرۆتۆکۆلی دەرەڕێی سنووری گەڕایەوە، دوای ئەوەش لە کاتژمێر ٢١:٠٥، خزمەتگوزاریی دی ئێن ئێس گەڕایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوەیەکی ھێواش و دوای کاتژمێرێک ئەپڵیکەیشن لایەر گەڕایەوە بۆ فەیسبووک، ئینستاگرام و واتس ئەپ، کۆی پڕۆسەی دووبارە کارکردنەوەی فەیسبووک ٧ کاتژمێری خایاند.[٨]

پەڕەی دەستپێکی فەیسبووک لەماوەی لەکارکەوتنیدا.

کاریگەرییەکان

لەگەڵ دەستپێکی لەکارکەوتنی فەیسبووک، کارمەندانی کۆمپانیاکە تووشی کێشەی پەیوەندیکردن بوونەوە بەوەی نەیاندەتوانی ئیمەیڵی دەرەکی بنێرن و وەربگرن، ھەروەھا دەستیان نەدەگەیشت بەکۆمەڵێک خزمەتگوزاریی تریش وەک دەستگەیشتن بە پەڕگەکانی گووگڵ دۆکس و بەرنامەی زووم.[١][٢] بەپێی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، کارمەندانی فەیسبووک لەڕێی باجەکانیانەوە نەیان دەتوانی بچنە ژووری کۆنفرانسەوە.[١]

لەکاتی ڕووداوەکە، خزمەتگوزاریی دی ئێن ئێسی گووگڵ تووشی ھێواشبوونەوە بوو،[٩] ھەربۆیە بەکارھێنەرانی تۆڕەکانی تیک تۆک، جیمەیڵ و سناپچات ھەستیان بە ھێواشی لە بەکارھێنانی ئەو خزمەتگوزارییانە دەکرد.[١٠] لە ماوەی کاتژمێرەکانی داخرانی فەیسبووک، پشکی کۆمپانیاکە بە ڕێژەی ٥٪ دابەزی، سامانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە مارک زوکەربێرگ، بە ٦ ملیار دۆلار زیانی بەرکەوت.[١١][١٢]

سەرچاوەکان