ھۆمۆفۆبیا

ھۆمۆفۆبیا پێناسەدەکرێت بە بوارێکی فراوان لە ھەڵسووکەوت و ھەستی نەرێنی بەرامبەر بە ھاوڕەگەزخوازی یان ئەو کەسانەی بە ھاوڕەگەزخوازی مێ، ھاوڕەگەزخوازی نێر، دووڕەگەز یان ڕەگەزگۆراو (کورتکراوەی LGBT لە زمانی ئینگلیزی دا) ناسێنراون.[١][٢][٣] ھەروەھا ئەم ترسە بە کەم نرخ، بێ مانا، بیروڕای پێشینەیی، ڕق و کینە لێکدراوەتەوە کە زۆرجار لە ترسی ناژیرانە و باوەڕە ئایینیەکانەوە سەرچاوەدەگرێت، و هەروەها لێکوڵینەوەش هەن کە دەڵێن هۆمۆفۆبیا خۆی پێدەچێت نەخۆشییەکی دەروونی بێت.[٤][٥]

ھۆمۆفۆبیا

ھۆمۆفۆبیا لە مامەڵە ھەستیار و نەیارەکان دا بەشێوەیەکی ڕوونتر تێبینی دەکرێت وەک کردارەکانی جیاکاری و توندوتیژی کە بەندن بە جۆرە ڕەگەزییە سێکسییە جیاوازەکان.[١][٢][٦] ترس لە ھاوڕەگەزبازی (ھۆمۆفۆبیا) چەند جۆرێکی ھەیە وەک: ھۆمۆفۆبیای رێکخراو (ھۆمۆفۆبیای ئایین و ھۆمۆفۆبیا لەلایان دەوڵەتەوە) و ھۆمۆفۆبیای ناوخۆیی (ھۆمۆفۆبیا تاکەکەسیی بەرامبەر بەو کەسانەی ھەمان حەز و ئارەزووی ڕەگەزییان ھەیە.)

بەپێی ئاماری تاوانە کینەییەکانی ساڵی ٢٠١٠ کە لەلایەن "دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI – نووسینگەی ڕاگەیاندنی نەتەوەی"یەوە بڵاوکرابۆوە. بە ڕێژەی ١٩٫٣٪ی تاوانە کینەییەکان ھاندراو و پاڵنراوبوون بە بیروڕای پێشینەیی ڕەگەزی (سێکسی) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. ھەروەھا بەپێی ڕاپۆرتێکی ناوەندی یاسای ھەژاری باشور لە ساڵی ٢٠١٠ کە زانیارییەکان وەرگیرابوون لە ماوەی چواردە ساڵ دا (١٩٩٥-٢٠٠٨) دەرکەوت کە خەڵکانی ھاوڕەگەزباز (LGBT) زۆرترین ئەگەریان ھەیە ببنە قوربانی تاوانە کیینەیەکان وەک لە ھەر کەمایەتییەکی دی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.[١][٣][٧]

دەستەواژە و بەکارھێنانی ھۆمۆفۆبیا لەلایەن چەندین سەرچاوەوە ڕەخنەی لێ گیراوە و داوای ھەموارکردنەوەی کراوە.

کاریگەریی ئابووری

بە لایەنی کەمەوە دوو سەرچاوە و لێکۆڵینەوە ھەن دیاریدەکەن ترس لە ھاوڕەگەزبازی (ھۆمۆفۆبیا) کاریگەرییەکی نەرێنی ھەیە لەسەر ئابووری لەو وڵاتانەی تێیدا بەربڵاوە. لەو وڵاتانەدا ھەڵھاتن و کۆچێکی ئاشکرا بوونی ھەیە لە کۆمەڵە ھاوڕەگەزبازەکان دا (LGBT) کە دەبێتە ھۆی لەدەست دان و نەمانی توانا و بەھرە لە وڵاتەکەدا و ھەروەھا خۆلادان لە سەردانی کردن بۆ ئەو وڵاتانە بە مەبەستی گەشتیاری و ڕوو کردنە ئەو وڵاتانەی سیاسەتێکی لەبارتریان ھەیە بۆ ھاوڕەگەزبازان. بۆ نموونە، گەشتیارانی ھاوڕەگەزباز ھەموو ساڵێک ٦٨٠٠ میلیۆن دۆلار خەرج دەکەن لە وڵاتی ئیسپانیادا.[٨]

لە ساڵی ٢٠٠٥ دا، سەرنووسەرێکی گۆڤاری (New York Times) ھەستا بە ھەژمارکردنی ماوەی دوا کەوتنی وەرگێرانی دەقە عەرەبییەکان لە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بەھۆی نەبووی وەرگێری عەرەبی و ماوەی دوا کەوتنی دەقەکان ١٢٠ ھەزار کاتژمێر بوو لەو کاتەدا. لە ساڵی ١٩٩٨ تاوەکو ئێستا نزیەکی ٢٠ وەرگێری زمانی عەرەبی لە ڕیزەکانی سوپای ئەمریکا دوورخراونەتەوە، کە بەتایبەتی لە ماوەی جەنگی ئەمریکا بووە لەگەڵ ئەڤغانستان و عێراق دا.[٩]

ئابووریناسێک لە زانکۆی ماسەچویستس ئامێرست، م. ڤ. لی باجێت ھەستا بە بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەیەک لە کۆبوونەوەی بانکی نێودەوڵەتیی ساڵی ٢٠١٤ دا دەربارەی کاریگەری ھۆمۆفبیا لە ئابووری ھیندستان دا. ھیندستان بە بڕی ٢٣١٠٠ میلیۆن دۆلار لەدەست دەدات لە خەرجییە تەندروستییەکان کە ھۆکارەکەی ھۆمۆفۆبیایە لەڕێی دیاردەکانی خەمۆکیی، خۆکۆشتن و نەخۆشی ئایدزەوە.

سەرەڕای ئەوەش، زیاتر لە دەست دەدات بەھۆی توندوتیژی، لەدەست دانی ھێزی کار و ڕەت کردنەوە لەلایەن خێزانەوە کە دەبێتە ئەنجامی ئاستی خوێندەواری نزم، کەمی بەرھەمھێنەریی، کەمی موچە، تەندروستی خراپتر و ئاستی ژیانێکی نزمتر لە کەسە ھاوڕەگەزبازەکان دا.[١٠]

بە پێی لێکۆڵینەوەکە ھیندستان بۆ ساڵی ٢٠١٤ بە کۆی ٣٠٨٠٠ میلیۆن دۆلاری لە دەست دەاوە کە ڕێژەی ١٫٧٪ دەکات لە کۆی بەرھەمی خۆماڵی (GDP) ھیندستان.[٨][١١][١٢]

چالاکەوان و لایەنگری ھاوڕەگەزبازی (LGBT)، ئدیبیسی ئەلیمی لە خەمڵاندنێکی سەرەتایی دا ھەستا بە ھەژمارکردنی ڕێژەی زیانە ئابوورییەکانی ھاوڕەگەزبازی، ڕێژەی ١٪ دەکرد لە کۆی بەرھەمی خۆماڵی (GDP) نەیجیریا و لە دەرئەنجامی نایاسایی بوونی ھاوڕەگەزبازی لە ٣٦ وڵاتی ئەفریقا دا (لە کۆی ٥٤ وڵات) رێژەی زیانەکان چەندەھا سەد میلیۆن دۆڵار دەکات لە ھەموو ساڵێک دا.[٨]

لە لێکۆڵینەوەیەکی تری ساڵی ٢٠٠٨ دا دەربارەی زیانەکانی ھۆمۆفۆبیا و کاریگەرییە تەندروستییەکانی لە کۆی ١٥٨ وڵات دا. دەرکەوت لە بیروڕای پێشینەیی بەرامبەر بە کەسانی ھاوڕەگەزباز زیانی ١١٩٫١ میلیارد دۆڵاری ھەبووە لە ھەموو جیھان دا. زیانە ئابووریەکان لە ئاسیا بەھۆی ھۆمۆفۆبیاوە ٨٨٫٢٩ میلیارد دۆلار بووە و لە ئەمریکای لاتین و دوورگەکانی کاریبی ٨، ٠٤ میلیارد دۆلار بووە. ھەروەھا زیانە ئابووریەکان لە ڕۆژھەڵاتی ئاسیا و ناوەڕاستی ئاسیا دا بە بڕی ١٠٫٨٥ میلیارد دۆلار بووە. لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا ١٦٫٩٢ میلیارد دۆلار بووە.

هەروەها ببینن

سەرچاوەکان