ئێڵ ئی دی

دایۆدی ڕوناکی یان دوانەی پەخشکەری ڕوناکی بەکورتی ئێڵ ئی دی (بە ئینگلیزی: Light-Emitting Diod بەکورتکراوەیی LED) سەرچاوەیەکی ڕوناکییە، دروست دەبێت کاتێ تەزووی کارەبا بە ناو ماددەی نیمچە گەیەنەردا ڕەت دەبێت بەھۆی ئەوەی ئەلیکترۆنەکان لە ماددە نیمچەگەیەنەرەکاندا کونە ئەلیکترۆنەکان پڕدەکەنەوە، بەوەش وزە دەردەکات لە شێوەی فۆتۆن (رۆناکی)، ڕەنگی ڕوناکییەکە پەیوەستە بە بڕی وزەی پێویست بۆ ڕەتبوون بەناو نیمچە گەیەنەرەکاندا.[١]سەرەتای دەرکەوتنی ئێڵ ئی دی وەک پێکھاتەیەکی ئەلیکترۆنی و بە شێوەیەکی کرداری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٢، کۆنترین ئێڵ ئی دی تەنھا دەیتوانی ڕوناکی ژێر-سوور دەربکات بە ڕوناکی کەم، کە بەکار دەھات بۆ ریمۆت کۆنترۆل، دوای ئەوە ئێڵ ئی دییە سەرەتاییەکان سنوورداربوون بە بەرھەمھێنانی ڕوناکی سوور بە چڕییەکی کەم.[٢]

Light-emitting diode
ئێڵ ئی دییە سوور، سەوز و شینەکانی چەشنی ٥ مم
چەشنPassive, optoelectronic
سیاسەتی کارکردنElectroluminescence
داھێندرانیک ھۆلۆنایک جی ئاڕ. (١٩٦٢)
پێکھێنانی دەرزیئانۆد و کاتۆد
ھێمای ئەلیکترۆنی
ئێڵ ئی دی داپۆشراو بە پلاستیک.
ھێمای ئەلیکترۆنی LED
بەشەکانی ناوەوەی ئێڵ ئی دی بە ئیپۆکسی ڕووپۆشکراوە بۆ پاراستنی.
وێنەیەکی زوومکراوی ئێڵ ئی دی.
Modern LED retrofit with E27 screw in base
چرایەکی LEDی سەردەمیانە، کە بڵاوکەرەوەی گەرمی (Heat sink)ی بۆ دانراوە بە تەزووی گوڕاو کار دەکات.

مێژووی دۆزینەوە

لە ساڵی ١٩٢٧ (ئۆلێگ ڤلادیمێرۆڤیچ)ی ڕووسی دروستکردنی یەکەم ئێڵ ئی دی ڕاگەیاند و لێکۆڵینەوەکانی لە گوڤارە زانستییەکانی سۆڤیەت و ئەڵمانیا و بریتانیادا بڵاو کرانەوە، بەڵام ئەو کات دۆزینەوەکە نەچووە بواری کرداری و جێبەجێکردنەوە و پشتگوێ خرابوو بۆ ماوەی چەند دەیەیەک، دوای ئەویش چەندین شارەزای بواری فیزیک لە وڵاتانی فەرەنسا و ھەنگاریا کاریان لەسەر کردووە لە نموونەی جۆرج دێستریۆ، زۆلتان بێی و یۆرگی سێگیتی.[٣][٤][٥][٦]

لە ساڵی ١٩٦٢ یەکەم ئێڵ ئی دی کە بەشێوەیەکی کارامە کاربکات پەرەی پێدرا لە لایەن نیک ھۆلۆنیاک لە ماوەی کارکردنی لە کۆمپانیای جەنەرال ئەلیکتریکزی ئەمریکی، کە دەیتوانی ڕوناکی (شەبەنگی بینراو) بە ڕەنگی سوور بەرھەم بێنێت، ھەرەوەھا لە ساڵی ١٩٧٢ قوتابییەکی ھۆلۆنیاک یەکەم ئێڵ ئی دی بەرەنگی زەرد بەرھەم ھێنا بە باشترکردنی توانای ئێڵ ئی دی سوور و پرتەقاڵی.[٧]

ئێڵ ئی دیی شین

پێش دروستکردنی ئێڵ ئی دی شین نەدەتوانرا ئێڵ ئی دی بۆ شاشە بەکار بھێنرێت بەھۆی ئەوەی نەدەتوانرا سیستەمی (RGB) سوور سەوز شین بەرھەم بھێنرێت.[٨]

لە ساڵی ١٩٧٢ دوو قوتابی زانکۆی ستانفۆرد توانیا یەکەم ئێڵ ئی دی بە ڕەنگی بنەوشەیی بەرھەم بھێنن بە تێکەڵکردنی مەگنیزیوم لەگەڵ نیتریدی گالیوم،[٩] ساڵێک دواتر لە ھەمان زانکۆ ھەریەک لە پانکوڤ و ئێد میڵەر توانیان یەکەم ئێڵ ئی دی بە ڕوناکی شین بەرھەم بھێنن بە تیکەڵکردنی زینک لەگەڵ نیتریدی گالیوم،[١٠] تا ساڵی ١٩٩٣ شۆجی ناکامورای ژاپۆنی یەکەم ئێڵ ئی دی شینی خستەڕوو کە بەشێوەیەکی کارامە ڕوناکی شینی بەرھەم دەھێنا، بەو ھۆیەشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ خەڵاتی نۆبێڵ لە بواری فیزیکدا پێبەخشرا بە ھاوبەشی لەگەڵ ھەریەک لە ئیسامو ئاکاساکی و ھیرۆشی ئامانۆ.[١١]

جۆرەکان

لێدەکان بە شێوە، قەبارە و ڕەنگی جیاواز دروست دەکرێن، زۆربەی کات بە ھەمان ڕەنگی ئەو ڕوناکییەی دەبەخشێت دادەپۆشرێت.

لێدەکان بەشێوەو قەبارەی جیاواز دروست دەکرێن، ھەروەھا بۆ کاری جیا جیا درۆست دەکرێن وەکۆ نیشاندەر (سیگناڵ) ڕوناکی و شاشەکان.

ھەیانە قەبارەی ٢مم تا ٨مم دروست دەکرێت وەکۆ نیشاندەر (سیگناڵ) بەکاردێن، وزەی پێویست بۆ داگیرساندنیان لە نێوان ١ میللی ئەمپێر تا ٢٠ میللی ئەمپێردایە، جۆریشیان ھەیە دەتوانێ سەدان میللی ئەمپێر بەکارببات ڕوناکییەکی زۆر بەرھەم بێنێت بەڵام بۆ ئەم جۆرە دەبێت بڵاوکەروەی گەرمی (Heatsink) لەگەڵ دابنرێت جۆری تر دەتوانێت بە تەزووی گوڕاویش کاربکات، بێ ئەوەی پێویست بکات کۆنڤێرتەر بەکار بھێنرێت تەزووی گوڕاو بگوڕێت بۆ تەزووی بەردەوام.[١٢]

سوود و زیانەکان

سوودەکان

کارامەیی: بەراورد بە چراکانی تر ڕوناکییەکی زیاتر بەرھەم دێنیت بۆ ھەر واتێک.[١٣]

ڕەنگ: دەتوانێت ڕەنگی ویستراو بەرھەم بھێنرێت بە بێ بەکارھێنانی ھیچ فلتەرێکی ڕەنگی، ئەمەش تێچووی کەمتری دەوێت.

گەرمکردنەوە: پێویستیان بە گەرمداھێنان نییە وەک چراکانی تر وەک چرای فلورسێنت، لەگەڵ داگیرساندنیدا ڕوناکی تەواو دەبەخشێت.[١٤]

سوڕ: سوڕێکی دریژتریان ھەیە کاریگەر نابن بە ژمارەی داگیرساندنەکان کۆژاندوەی چەند جارە.

کەمکردنەوەی ڕوناکی: بە ئاسانی دەتوانرێت کۆنترۆلی بڕی ڕوناکی بکرێت.[١٥]

تەمەن: بەراورد بە سەرجەم جۆرەکانی تری چرا درێژترین تەمەنیان ھەیە، کە دەگاتە ٣٥ تاوەکۆ ٥٠ ھەزار کاتژمێری کارکردن.[١٦]

زیانەکان

پشتبەستنی بە پلەی گەرمی: کارکردنی ئێڵ ئی دییەکان پەیوەیستە بە پلەی گەرمی ئەو ژینگەیەی تێیدایە، لە ژینگەی گەرمدا ناتوانێت بەرگە بگرێت.

ھەستیاری ڤۆڵتییە: ناکرێت ڤۆڵتیە و تەزوویەکی زیاتر لەوەی پێ بدرێت کە بۆی دیاریکراوە، درێژی تەمەنیان دەکەوێتە سەر بڕی ڤۆڵتیەی بەکاردەھێنێت.[١٧]

داکەوتنی کارایی: کاراییان کەم دەبێتەوە لەگەڵ زیادبوونی بڕی تەزووی تێپەڕبوو ھاوکات دەبێتە ھۆی زیادبوونی پلەی گەرمی لێدەکان، کە ئەمەش لە تەمەنیان کەم دەکاتەوە.[١٨]

بەکارھێنانەکان

لێدەکان لە ژیانی بەردوام لەگەڵمانن لە ژیانی ڕۆژانەدا لە ھەموو شوێنێکن چ وەک سەرچاوەی ڕۆناککەرەوەی شەوان و لە زۆربەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا بوونیان ھەیە یان وەک نیشاندەر ڕوناکی ڕێکخستنی ھاتووچوو، ڕوناکی ئۆتۆمبێل، بانگەشەی بازرگانی و بژمێرەی ئەلیکترۆنییەکان.[١٩][٢٠][٢١]

سەرچاوەکان