بازرگانیی مرۆڤ

بازرگانیی مرۆڤ بریتییە لە مامەڵە کردن بە مرۆڤەوە لەرێی کڕین و فرۆشتنەوە بەمەبەستی بەکارھێنانیان وەک کرێکاریی زۆرەملێ، کۆیلەی سێکسی یان بازرگانی سێکسی کە کەسی بازرگان یان کەسانی دیکە لێی سوودمەند دەبن.[١][٢] ئەم دیاردەیە دەکرێت ئەمانەش لەخۆبگرێت: دۆزینەوەی ھاوسەرێک لە چوارچێوەی ھاوسەرگیری زۆرەملێی دا[٣][٤][٥] یان دەرھێنانی ئەندام و شانەی جەستە[٦][٧] کە دەکرێت دەرھێنانی ھێلکەدانی ژن و سکپڕبوون لەجیاتی ژنێکی تریش لەخۆبگرێت.[٨] دیاردەی بازرگانییەکە دەکرێت لە ناو ھەمان وڵات یان لە چەند وڵاتێکی جیاوازدا ڕووبدات و ھەروەھا بە تاوان دادەنرێت لە دژی کەسی ئەنجامدراو چونکە سەرپێچی مافەکانی جوڵەی قوربانییەکە دەکات لەڕێی زۆرلێکردن و بەکارھێنانیان بەشێوەیەکی بازرگانی.[٩]

ھەروەھا قاچاخچێتی مرۆڤ (کە بە قاچاخچێتی کۆچبەریش ناسراوە) کردەیەکی پەیوەستدارە بە بازرگانیی مرۆڤەوە بەڵام بەوە جیادەکرێتەوە کە ڕەزامەندی کەسەکەی لەسەرە.[١٠]

بەپێی (ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی - ILO) لە ساڵی ٢٠١٤ خەملێنراوە کە تەنھا کاری زۆرەملێی (یەکێک لە پێکھاتەکانی بازرگانیی مرۆڤ) ساڵانە نزیکی ١٥٠ بلیۆن دۆلار قازانج بەرھەم دەھێنێت.[١١] لە ساڵی ٢٠١٢ دا، (ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی - ILO) خەمڵاندی کە ٢١ میلیۆن قوربانی لە کۆیلایەتییەکی سەردەمی دا گیریان خواردووە. لەو ٢١ ملیۆنە، ١٤٫٢ ملیۆنیان (ڕێژەی ٦٨٪) بەکاردەھێنرێن بۆ کارکردن، ٤٫٥ ملیۆنیان (ڕێژەی ٢٢٪) بەکاردەھێنرێن بۆ مەبەستی سێکسی و ٢٫٢ میلیۆن (ڕێژەی ١٠٪) بەکاردەھێنرێن وەک کاری زۆرەملێی سەپێنراو لەلایەن دەوڵەتەوە.[١٢]

کردەی بازرگانیی مرۆڤ خاوەنی خێراترین گەشەیە لە تاوانە ڕێکخراوەییەکانی نێوان وڵاتان دا.[١٣]

دیاردەکە بە سەرپێچی بۆ مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت بەپێی ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان. بەپێی ئامار و بڵاوکراوەیەکەی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ھەریەک لە وڵاتانی بەلاڕوس، ئێران، ڕوسیا و تورکمانستان یەکێکن لەو وڵاتانەی خراپترین دابینکەری پاراستنن لە دژی بازرگانیی مرۆڤ و کاری زۆرەملێیانە.[١٤]

ھەوڵەکان

نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوان و ماددە بێھۆشکەرەکان (UNODC) زیاتر یارمەتی ڕێکخراوە ناحوکمییەکانی داوە لە بەرەنگاربوونەوەکانیان دژی بازرگانیی مرۆڤ. شەڕی ناوخۆی لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٦ کە بووە ھۆی بێکار بوونی ٣٠٠ ھەزار لە کرێکاری سریلانکا، ئیسۆپیا و فلیپین و ھۆکاری بوون بە ئامانجی بازرگانان، بووە ھۆی سەرھەڵدانی ھەڵمەتێکی زانیاری لەناکاو بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری دەربارەی بازرگانیی مرۆڤ. ھەروەھا بڵاوکراوەیەکی ساڵی ٢٠٠٦ بە ناوی (بازرگانی کردن بە مرۆڤەکانەوە: نەخشە جیھانییەکان – Trafficking in Persons: Global Patterns) بووە یارمەتیدەر بۆ ناساندن و دیاریکردنی چەند جۆرێک لە وڵاتان بۆ بازرگانیی مرۆڤ، لەوانە: ١٢٧ وڵاتی سەرچاوە، ٩٨ وڵاتی تێپەر و ١٣٧ وڵاتی چوون (مەبەست) دیاریکران.

چەندەھا خەمڵاندن و ئاماری جیاواز ھەیە لەسەر قەبارە و ڕێژەی بازرگانیی مرۆڤ و پیشەکانی بازرگانی سێکسی. بەپێی ڕوناکبیر کێڤن بەیلز، نووسەری (کەسانی فرێدراو - Disposable People بڵاوکراوەی ساڵی ٢٠٠٤) خەملێنراوە کە نزیکی ٢٧ میلیۆن کەس لە جیھان دا دووچاری "کۆیلایەتی سەردەمیانەی نوێ" بوونەتەوە.[١٥] لە ساڵی ٢٠٠٨ دا وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەملاندوویەتی کە ٢ میلیۆن منداڵ بەکاردەھێنرێن بۆ بازرگانی سێکسی لەسەر ئاستی جیھان و ھەر لە ھەمان ساڵ دا لێکۆڵینەوەیەک ھەستا بە ناساندنی ١٢٫٣ میلیۆن کەس وەک «کرێکاری زۆرەملێ و قوربانی بازرگانی سێکسی» کە نزیکەی ١٫٣٩ ملیۆنیان وەک کۆیلەی سێکسی کاریان پێوە دەکرێت و کچان و ژنان رێژەی ٩٨٪ ئەو ژمارەیە پێکدەھێنن.[١٦]

دەرکردنی یاسای (قوربانیانی بازرگانی و پاراستن لە توندوتیژی - TVPA) لە ساڵی ٢٠٠٠ لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بووە ھۆی دامەزراندنی (نوسینگەی چاودێری و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی مرۆڤ) سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە ھەماھەنگی دەکات لەگەڵ حوکمەتەکانی دیکەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی مرۆڤ و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانی بازرگانیی مرۆڤ بەشێوەیەکی ساڵانە. بڵاوکراوەکە ھەڵدەستێت بە ھەڵسەنگاندنی گەشەی ھەر وڵاتێک لە دژە بازرگانی و پۆلێن کردن و دانانی ھەر وڵاتێک لە ئاستێک دا بەپێی سیاسەت و رێکارە ئاماژەپێکراوەکانی نەھێشتنی بازرگانیی مرۆڤ لە یاسای (TVPA) دا.[١٧]

ڕێکەوتنە جیھانییەکان:

  • ڕێکەوتنامەی نەھێشتنی کۆیلایەتی، لە ساڵی ١٩٥٧ دا چۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
  • کۆنووسی رێگریکردن، سەرکوتکردن و سزادانی بازرگانیی مرۆڤ، بەتایبەتی ژن و منداڵ.
  • کۆنووس دژی قاچاغی کۆچبەران بەرێی وشکانی، ئاویی و ھەوایی.
  • کۆنووسی ئارەزوومەندانە دەربارەی فرۆشتن، لەشفرۆشی و ڕووتبازی (پۆرنۆگرافی) منداڵ.
  • ڕێکەوتنامەی کاری زۆرەملێی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) ساڵی ١٩٣٠.
  • ڕێکەوتنامەی نەھێشتنی کاری زۆرەملێی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) ساڵی ١٩٥٧.
  • ڕێکەوتنامەی کەمترین تەمەنی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) ساڵی ١٩٧٣.
  • ڕێکەوتنامەی خراپترین شێوازەکانی کارکردنی منداڵ، ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) ساڵی ١٩٩٩.

سەرچاوەکان