نیمچەدوورگەی مالایی

نیمچەدوورگەی مالایی دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. ئەم ناوچە گەورەیە لە باکوورەوە بۆ بۆ باشوور کێشراوەتەوە و دوایین خاڵی وشکاتی کیشوەری ئاسیا دەکەوێتە باشووری ئەم نیمچەدوورگەیە. ئەم ناوچەیە نیمچەدوورگەی مالیزیا، باشووری تایلەند و دوایین خاڵی باشووری میانمار (کاوساونگ) دەگرێتەوە. وڵاتی دوورگەیی سینگاپووریش پێوەندیی مێژوویی و کەلتووری لەگەڵ ئەم ناوچەیە هەیە. خەڵکی خۆجێیی ئەم نیمچەدوورگە مالاییەکانن کە ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ ئاسترۆنزییەکان.

شاخ و کوێستانەکانی تیتوانگسا بەشێکن لە تەپۆڵکەکانی تەناسریم و مۆرەغەی نیمچەدوورگەی مالایین و باشووریترین بەشی کۆردیلێرای ناوەندی پێک دێنن کە لە ڕێگای کرا ئیستمووسەوە -کە باریکترین خاڵی نیمچەدوورگەیە- دەچێتە نیمچەدوورگەی مالایی. [١] دەربەندی مالاکا نیمچەدوورگەی مالایا لە دوورگەی سووماترای ئیندۆنیزیا جودا دەکاتەوە و کەنارەکانی باشووریشی بە دەربەندی جوهوور لە دوورگەی سینگاپوور جودا کراونەتەوە.

وشەڕەتناسی (ئیتیمۆلۆجی)

وشەی مالایی لە Tanah Melayuەوە وەرگیراوە کە Tanah (وڵات، نیشتمان) و Melayu کە واتە مالایی و بە گشتی واتە وڵاتی مالایی. ئەم دەستەواژەیە لە کۆنترین دەقە مالاییەکاندا دەبینرێ کە کۆنترینیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی حەڤدەیەم.[٢] ئەم ناوە بەردەوام لە Hikayat Hang Tuah دووپات کراوەتەوە کە چیرۆکێکی کلاسیکە لەسەر پاڵەوانە ئەفسانەییەکانی پاشایەتی مالاکا. Tanah Melayu لە دەقەکەدا ئاماژەیە بۆ ئەو ناوچەیەی لە ژێر حوکم و دەسەڵاتی مالاکاندا بووە.[٣]

ژینگەناسی (ئیکۆلۆژیا)

نیمچەدوورگەی مالایی بە دارستانە شێدارە گەرمەسێرییەکان داپۆشراوە. دارستانی دەشتاییەکان داری دیپترۆکارپن و دارستانی چیاکانیش پێکهاتووە لە جۆرە ڕەشەدارێکی (چنار) هەمیشە سەوز (Fagaceae)، دارەکانی بنەماڵەی میرتڵ (Myrtaceae)، دارەکانی بنەماڵەی لوڕەل (Lauraceae)، دارکاژەکانی گەرمەسێر و گژ و گیای دیکە.

سەرچاوەکان

بەستەرە دەرەکییەکان