ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق

ھێرشی ٢٠٢٤ی ئیسرائیل لە دیمەشق، سووریا

لە ١ی نیسانی ٢٠٢٤، ھێرشێکی ئاسمانی لەلایەن ئیسرائیلەوە، بینای کونسوڵخانەی ئێرانی تەنیشت باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق لە سووریا ڕووخاند،[١][٢] ١٦ کەس کوژران، لەنێویاندا فەرماندەیەکی باڵای سوپای قودس لە سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، فەرماندە محەممەد ڕەزا زاھیدی، و حەوت ئەفسەری دیکەی سوپای پاسداران. ھەروەھا لە ئەنجامی ھێرشەکەدا دوو ھاووڵاتی مەدەنی کوژران.[٣]

ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق
باڵیۆزخانەی ئێران دوای ھێرشەکە، و وێرانبوونی بینای کونسوڵخانەکەی (ڕاست)
شوێندیمەشق،  سووریا
ڕێکەوت١ی نیسانی ٢٠٢٤
١٧:٠٠ (یوو تی سی+٣)
ئامانجکونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق
جۆری ھێرشبۆردومانی فڕۆکەیی (بێ فڕۆکەوان) و ھێرشی مووشەکی
مردن(ەکان)کوژرانی ١٦ کەس
ھەنگاونەری تۆمەتبار ئیسرائیل
Map
شوێنی بینای کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق

ھێرشە ئاسمانییەکە لە ماوەی بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس و ململانێی ئیسرائیل و حزبوڵڵادا ڕوویدا. ئێران بەرپەچی ھێرشەکەی دایەوە بە ھێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئیسرائیل لە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٤.

پشت ڕووداوەکان

لە ساڵی ٢٠١٣وە ئێران کاردانەوەی ھەبووە لە شەڕی ناوخۆیی سووریا و ھێزەکانی سووریای پاراستووە، بەو پێیەی سووریا ھاوپەیمانێکی لەمێژینەیە لەگەڵ ئێران. سەرەڕای ئەوەش، بەشداری کردووە لە مەشق و ڕاھێنان و دابینکردنی بوودجە بۆ ھێزە سەربازییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان، لەگەڵ میلیشیا دەرەکییەکانی عێراق و ئەفغانستان، نەک تەنھا لە سووریا بەڵکو لە لوبنانی دراوسێش.[٤] لە سەرەتای سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆیی سووریاوە لە ساڵی ٢٠١١، ئیسرائیل سەدان ھێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە و سەرچاوەکانی حیزبووڵای لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەی کردووەتە ئامانج.[٥]

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ئیسرائیل ھێرشەکانی بۆ سەر سووریا چڕتر کردەوە.[٦] لە ١٢ تا ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ئیسرائیل لانیکەم سێ ھێرشی بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی سووریا ئەنجامداوە، بەتایبەتی بۆ سەر دیمەشق و حەلەب.[٧][٨][٩]

ھێرش

لە ١ی نیسانی ٢٠٢٤، بینای کونسوڵخانەی ئێران کە لە تەنیشت باڵوێزخانەی ئێرانە لە دیمەشق، بەھۆی ھێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلەوە وێران کرا. حوسێن ئەکبەری باڵیۆزی ئێران ڕای گەیاند کە بینای کونسوڵخانەکە «بە شەش مووشەکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-٣٥ی ئیسرائیل کراوەتە ئامانج».[١٠]

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی کردەوە، سەرچاوەیەکی بێناو لە سوپای پاسداران ڕای گەیاندووە کە ھێرشەکە کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی ھەواڵگری ئێران و چەکدارانی فەلەستینی کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا سەرکردەکانی بزووتنەوەی جیھادی ئیسلامی لە فەلەستین، کە باسیان لە شەڕی غەززە کردوە.[١١]

ھەروەھا بینای باڵیۆزخانەی کەنەدا لە دیوەکەی تری بینای کونسوڵگەرییەکە لە ھێرشەکەدا زیانی بەرکەوتووە. باڵیۆزخانەکە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە بەھۆی شەڕی ناوخۆیی سووریاوە داخراوە بەڵام تا ئێستاش حکوومەتی کەنەدا خاوەندارییەتی دەکات.[١٢]

زیانەکان

عەلی خامنەیی ئامادەی پرسەی سەربازە کوژراوەکانی سوپای پاسدارانە، لە ٤ی نیسان.

بە گشتی شازدە کەس کوژران کە حەوت سەربازی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و پێنج میلیشیای سەر بە ئێران و چەکدارێکی حیزبوڵڵا و یەک ڕاوێژکاری ئێرانی و دوو کەسی سڤیل بوون.[٣]

وەڵامدانەوە

لە ٥ی نیسان، ئێران بە ئەمریکای ڕاگەیاند کە خۆی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل ئامادە دەکات.[١٣] لە ١٣ی نیساندا ھێزی دەریایی سوپای پاسداران لە ڕێگەی ھێلیکۆپتەرەوە دەستی گرت بەسەر کەشتی پورتوگالی 'MSC Aries' لە گەرووی ھورمز. کەشتی MSC Aries بەشێکی خاوەندارییەتی بازرگانێکی ئیسرائیلییە و لەلایەن کۆمپانیای Zodiac Maritime بەڕێوەدەبرێت.[١٤] دواتر لە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٤، سوپای ئێران سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی بالیستیکی بەرەو خاکی ئیسرائیل ڕەوانەکرد.[١٥]

چەند وڵاتێک باڵیۆزخانەکانیان لە تاران چۆڵکرد و گەشتی ھێڵە ئاسمانییەکانیان بڕی.[١٦]

ئەمانەش ببینە

سەرچاوەکان