ئێمیل زۆلا

ڕۆژنامەوان، نووسەری شانۆیی و ھۆزانڤانی فەڕەنسی (١٨٤٠-١٩٠٢)

ئێمیل ئێدوارد شارڵ ئەنتوان زۆلا (بە فەڕەنسی: Émile Édouard Charles Antoine Zola) (٢ی نیسانی ١٨٤٠-٢٩ی ئەیلوولی ١٩٠٢)[١] ڕۆماننووس، ڕۆژنامەنووس، شانۆنامەنووسێکی فەڕەنسی و، ناسراوترین شاگردی قوتابخانەی ئەدەبیی سروشتیخوازی بوو، هەروەها بەشدارێکی گرنگ بوو لە پەرەسەندنی سروشتیخوازیی شانۆیی.[٢] ئەو کەسایەتییەکی سەرەکی بوو لە ئازادکردنی سیاسیی فەڕەنسا. ئەو هەروەها بە نووسینی بۆچوونە بەناوبانگەکەی لە ڕۆژنامەدا لەژێر مانشێتی «تۆمەتبار دەکەم» بە فەڕەنسی (!..J'Accuse ) ڕۆڵێکی کارای گێڕا لە بێتاوانکردنی ئەفسەری سوپا ئەلفرێد درێفووس کە بەهەڵە تۆمەتبار و تاوانبار کرابوو. زۆلا لە ساڵانی ١٩٠١ و ١٩٠٢ پاڵێوراو بوو بۆ یەکەم و دووەم خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات.[٣][٤]

ئێمیل زۆلا
زۆلا لە ساڵی ١٩٠٢
زۆلا لە ساڵی ١٩٠٢
لەدایکبوونئێمیل ئێدوارد شارڵ ئەنتوان زۆلا
(١٨٤٠-0٤-0٢) ٢ی نیسانی ١٨٤٠
پاریس،
مردن٢٩ی ئەیلوولی ١٩٠٢(١٩٠٢-٠٩-٢٩) (٦٢ ساڵ ژیاوە)
پاریس، فەڕەنسا
گۆڕ (گڵکۆ)پانتێیۆن، پاریس
پیشەڕۆماننووس، ڕۆژنامەوان، شانۆنامەنووس، شاعیر
نەتەوەفەڕەنسی
چەشنەکان
جووڵانەوەی ئەدەبىسرۆشتخوازی
کارە بەرچاوەکانڕووگۆن ماکار، تێرێز ڕاکۆن، ژێرمینال، نانا
ھاوسەرئێلێنۆر ئەلێکساندرین مۆلێ
خزم(ەکان)فرانسوا زۆلا (باوک)
ئێمیل ئۆبێر (دایک)

سەرەتاکانی ژیان

زۆلا ساڵی ١٨٤٠ لە پاریس لەدایک بووە، باوکی ناوی فرانسوا زۆلا (لە بنەڕەتدا فرانچێسکۆ زۆلا) و دایکی ناوی ئێمیلی ئۆبێرت بووە. باوکی زۆلا ئەندازیارێکی ئیتاڵی بوو و لە ساڵی ١٧٩٥ لە ڤێنیز لەدایک بووە و هەندێک لە باوانی یۆنانی بوونە[٥] و، ئەندازیاری بەنداوی «زۆلا» بووە لە شاری ئێکس-ئان-پرۆڤانس؛ دایکی ئێمیل، واتە ئێمیلی، فەڕەنسی بوو.[٦] خێزانەکە کاتێک ئێمیل تەمەنی سێ ساڵ بوو ڕوویان لە شاری ئێکس-ئان-پرۆڤانس لە باشووری ڕۆژهەڵات کرد. دوای چوار ساڵ و لە ساڵی ١٨٤٧، باوکی کۆچی دواییی کرد و دایکی بە خانەنشینییەکی کەم ژیانی بەڕێ دەکرد. لە ساڵی ١٨٥٨، خێزانی زۆلا ڕوویان لە پاریس کرد و هەر زوو هاوڕێی منداڵیی ئێمیل، پۆل سێزان، پەیوەندیی پێوە کرد. زۆلا بە شێوازی ڕۆمانتیک دەستی بە نووسین کرد. دایکی پلانی بۆ ئێمیل دانابوو کە بچێتە کۆلێژی یاسا، بەڵام دوو جار لە تاقیکردنەوەی بەکەلۆریدا شکستی هێنا.[٧][٨]

پێش سەرکەوتنی لە پیشەی نووسەریدا، زۆلا بە مووچەیەکی زۆر کەم وەک کارمەند لە کۆمپانیایەکی کەشتیوانی و دواتر لە بەشی فرۆشتن بۆ دەزگایەکی بڵاوکردنەوەی کتێب بە ناوی هاچێت کاری دەکرد[٩]. هەروەها، ڕەخنەنامەی ئەدەبی و هونەریی بۆ ڕۆژنامەکان دەنووسی. زۆلا وەک ڕۆژنامەنووسێکی سیاسی ناڕەزاییی خۆی لە ناپلیۆنی سێیەم نەدەشاردەوە کە بەپێی دەستووری کۆماری دووەمی فەڕەنسا سەرکەوتووانە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردبوو، ئەمش تەنیا بۆ ئەوەی ئەم پۆستە وەک تەختەی بازدان بۆ ئەو کوودەتایە بەکار بهێنێت کە کردی بە ئیمپراتۆر.

قۆناغەکانی دیکەی ژیان

لە ساڵی ١٨٦٢، زۆلا وڵاتینامەی فەڕەنسیی پێ درا.[١٠] لە ساڵی ١٨٦٥، چاوی بە ئێلێیۆنۆر ئەلێکساندرین مۆلێ کەوت، کە خۆی بە گابریێل ناوزەد دەکرد و بەرگدوور بوو؛ مۆلێ دواتر بوو بە دڵبەری زۆلا[١١]. ئەو دووانە لە ٣١ی ئایاری ١٨٧٠ هاوسەرگیرییان کرد [١٢]و پێکەوە گرنگییان بە دایکی زۆلا دەدا. مۆلێ بە درێژاییی ژیانی لەگەڵ زۆلا مایەوە و ڕۆڵی سەرەکیی لە بەرەوپێشبردنی کارەکانی زۆلا گێڕا. ئەو هاوسەرگیرییە هیچ منداڵێکی لێ نەکەوتەوە. مۆلێ پێش ئەوەی زۆلا بناسێت منداڵێکی کچی هەبوو کە وازی لێ هێنابوو چونکە نەیتوانیبوو بەخێوی بکات. کاتێک دوای هاوسەرگیرییەکەیان دان بەم بابەتەدا دەنێت بۆ زۆلا، چوون بەدوای منداڵەکەدا بگەڕێن، بەڵام بۆیان دەرکەوت دوای ماوەیەکی کەم لە لەدایکبوونی گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەکان