پێگەیشتوویی لە مرۆڤدا

پێگەیشتوویی لە مرۆڤدا بەو گۆڕان و جموجووڵە فیزیکییە دەوترێ کە تێیدا جەستەی مناڵ وەک جەستەی مرۆڤی گەورەی لێ دێ و دەتوانێ زاوزێ بکا. سەرەتا، مێشک فەرمان دەنێرێ بۆ لووە جنسییەکان، واتە ھێلکەدانەکان لە کچاندا و، ھێلکەگونەکان لە کوڕاندا. لووە جنسییەکان کە ئەو فەرمانەیان پێ گەیشت، دەست دەکەن بە بەرھەمھێنانی ھۆرمۆنگەلێک کە لیبیدۆ (مەیلی جنسی) دەخەنە گوڕ و دەبنە ھۆی گەشەکردن و گۆڕانی شێوەی مێشک و ئێسقانەکان و ماسوولکەکان و خوێن و پێست و قژ و مەمکەکان و ئەندامەکانی زاوزێ. گەشەی فیزیکی، واتە باڵاکردن و قورسبوون، لە نیوەی یەکەمی پرۆسەی پێگەیشتووییدا تاو دەستێنێ و کاتێ جەستە بوو بە جەستەی مرۆڤێکی گەورە، تەواو دەبێ.

بۆ کچان، پێگەیشتوویی زیاتر لە تەمەنی ١٠ و ١١ دەست پێ دەکا و لە ١٥ تا ١٧دا کۆتاییی پێ دێ. بۆ کوڕان، لە ١١ و ١٢ دەستی پێ دەکا و لە ١٦ و ١٧ تەواو دەبێ.[١][٢][٣] بەرچاوترین نیشانەی پێگەیشتن لە کچاندا کەوتنەسەر خوێنە کە لە نێوان تەمەنی ١٢ و ١٣ ڕوو دەدا.[٢] لە کوڕاندا، ئاوھاتنەوە و دروستبوونی سپێرمە کە زیاتر لە ١٣ ساڵیدا ڕوو دەدا.[٤]

سەرچاوەکان