یەکەمین شەڕی ناگۆرنۆ-قەرەباغ

یەکەمین شەڕی ناگۆرنۆ-قەرەباغ[ئ] ململانێیەکی نەتەوەیی و خاکی بوو، لە شوباتی ١٩٨٨ ڕوویدا و تا ئایاری ١٩٩٤ بەردەوام بوو، لە ناوچەی ناگۆرنۆ-قەرەباغ لە باشووری ڕۆژاوای ئازەربایجان، لە نێوان زۆرینە ئەرمەنییە نەتەوەیییەکانی ناگۆرنۆ-قەرەباغ، کە پشتگیریان لێدەکرا لەلایەن ئەرمینیاوە و کۆماری ئازەربایجانیش بە پشتیوانی تورکیا. لەگەڵ پێشکەوتنی شەڕەکەدا، ئەرمینیا و ئازەربایجان کە ھەردووکیان لەپێشوودا کۆمارێکی سۆڤیەتی بوون، لە شەڕی شاخاوی درێژخایەن لە ناوچە شاخاوییەکانی قەرەباغدا چەندین ململانێی نوێیان ھێنایە کایەوە، لە کاتێکیشدا ئازەربایجان ھەوڵیدەدا بزووتنەوەی جوداخوازانی ناگۆرنۆ-قەرەباغ سەرکوت بکات.[١][٢]

پشت ڕووداوەکان

خاوەندارییەتی خاکی قەرەباغ تا ئەمڕۆ، لە نێوان ئەرمەنییەکان و ئازەربایجانییەکان ناکۆکی لەسەرە. ململانێی ئێستا ڕەگ و ڕیشەی لە ڕووداوەکانی دوای جەنگی جیھانیی یەکەمەوە داکوتیوە.[٣] لەنێویاندا ھەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆرییەتیی ڕووسیا لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٧ و چوونە سەر دەسەڵاتی بەلشەفیکەکانەوە، سێ نەتەوەی سەرەکی قەوقازی باشوور، ئەرمەنییەکان، ئازەربایجانییەکان و جۆرجییەکان، بەرخۆدانیان دەکرد بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن لەسەر سروشتی حکوومەتی سیاسی لە ناوچەکەدا. ھەوڵی دەسەڵاتی سیاسی ھاوبەش لە شێوەی فیدراسیۆنی ترانسقەوقاز لە بەھاری ساڵی ١٩١٨ لە بەرامبەر لەشکرکێشی ھێزەکانی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانیدا بێ ئەنجام بوو.[٤] لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩١٨ کۆمارە نەتەوەیییە جیاوازەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان و جۆرجیا سەربەخۆیی فەرمی خۆیان لە ڕووسیا ڕاگەیاند.[٥][٦][٧]

شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان

زۆری نەخایاند ئاڵۆزی لە نێوان کۆماری یەکەمی ئەرمینیا و کۆماری دیموکراتیی ئازەربایجان لە سێ ناوچە، بەدیاریکراوی: نەخچیڤان، زانگەزور (ئەمڕۆ بەشێکە لە پارێزگا ئەرمینییەکانی سیونیک و ڤایۆتس دزۆر) و قەرەباغ سەریھەڵدا.

ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر سنوورە ڕامیارییەکانی ئەو سێ ھەرێمە شەڕیان کرد. ئەرمەنییەکانی ناگۆرنۆ-قەرەباغ ھەوڵیاندا ناوچەکە لەگەڵ کۆماری نوێی ئەرمینیا یەکبخەن.[٨] دوابەدوای شکستی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانیی یەکەمدا، سوپای ئەرمەنی، بە سەرۆکایەتی ژەنەراڵ ئەندرانیک ئۆزانیان چوونە ناو قەرەباغ و لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩١٨ بەرەو ناوەندی ناوچەی شووشە ڕۆیشتن، و لەلایەن سەربازە ڕاگوێزراوەکانی بەریتانیاوە وەستێنران.[٩] فەرماندەی بەریتانیا پێشنیاری کرد کە ئەندرانیک دەستبەرداری ھێرشەکان بێ بۆ شووشە و ڕێگە بدات ناکۆکییە ناوچەیییەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە کۆبوونەوەی دیپلۆماتکاران لە کۆنگرەی ئاشتیی پاریس کە لە داھاتوودا بەڕێوەدەچێت جێبھێڵرێت. لەم نێوەندەدا ئینگلیزەکان بڕیاریاندا خوسرۆڤ بەگ سوڵتانۆڤ، کەسایەتییەکی دەوڵەمەندی ئازەربایجان وەک پارێزگاری کاتی دەستنیشان بکەن.[٨][١٠] دوای ماوەیەکی کەم شەڕی پچڕ پچڕ سەریھەڵدا و دوای کشانەوەی بەریتانیا لە سەرەتای ساڵی ١٩١٩ ناکۆکییەکان قووڵتر بوون. توندوتیژی و ململانێیەکان زیاتر بوون، بە لەناوبردنی بەشێکی شووشە لەلایەن ھێزەکانی ئازەربایجانەوە لە نیسانی ١٩٢٠.[١١]

دابەشکاری سۆڤیەت

لە نیسانی ساڵی ١٩٢٠ سوپای یازدەھەمی سۆڤیەت ھێرشی کردە سەر قەوقاز و لە ماوەی دوو ساڵ کۆمارەکانی قەوقاز پێکھاتن بۆ ترانسقەوقازی یەکێتیی سۆڤیەت.[١٢] بەلشەفیکەکان لیژنەیەکی حەوت کەسییان دروست کرد، لیژنەکە لەژێر چاودێری کۆمیسیاری گەل بۆ نەتەوەکان دامەزرا، ئەرکی چارەسەرکردنی ژمارە و کێشەی پەیوەندیدار بە نەتەوە لە قەوقازی پێ سپێردرا.[١٣] لە ٤ی تەممووزی ١٩٢١ لیژنەکە بە زۆرینەی دەنگی لەگەڵ، تەرخانکردنی ناگۆرنۆ-قەرەباغی بۆ کۆماری سۆسیالیستی ئەرمینیای تازە دروستکراوی سۆڤیەت دا، بەڵام ڕۆژێک دواتر لیژنەکە بڕیارەکەی پێچەوانە کردەوە و دەنگیدا بە جێھێشتنی ناوچەکە لە چوارچێوەی یەکێتی سۆسیالیستی ئازەربایجان.[١٣]

تاوانەکانی جەنگ

لە کاتی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت ئەرمینیا و ئازەربایجان وەک دەوڵەتی تازەپێگەیشتوو لە ناوچەکە سەربەخۆییان ڕاگەیاند، تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٣ کە ئەرمینیا و ئازەربایجان بوونە واژووکاری ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی یاسای نێودەوڵەتی، لەنێویاندا ڕێککەوتننامەکانی ژنێڤ. تۆمەتەکانی ھەر سێ حکوومەتەکە (لەوانەش ناگۆرنۆ-قەرەباغ) بەردەوام لایەنی بەرامبەریان بە ئەنجامدانی چالاکی نامرۆڤانە و دڕندەیی تۆمەتبار دەکرد کە ھەندێکجار لەلایەن سەرچاوە میدیایییەکانی لایەنی سێیەم یان ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە پشتڕاست دەکرانەوە. بۆ نموونە کۆمەڵکوژی خۆجالی لەلایەن ھەردوو ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ و میمۆریاڵەوە پشتڕاستکرایەوە. کۆمەڵکوژی ماراگا لەلایەن ڕێکخراوی پاڵپشتانی مەسیحی نێودەوڵەتی، کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، تۆمەتەکان پشتڕاست کرانەوە.[١٤] ئازەربایجان بەھۆی بۆردومانی ئاسمانی لە ناوچە چڕە مەدەنییەکان تۆمەتبارکراوە.[١٥]

ئەمانەش ببینە

تێبینییەکان

سەرچاوەکان