سزای مەرگ

سزای مەرگ، لەسێدارەدان، ئیعدام، یا کوشتن بەپێی یاسا واتە کوشتنی کەسێک بە فەرمانی دادگا وەک سزایەکی پێشگرتنی گشتیی و قەدەغکردنی ئەو کارەی کە سزادراو ئەنجامی داوە. ئەو تاوانانەش کە سزاکەیان کوشتنە بە تاوانی مەرگ ناو دەبرێن. سزای مەرگ گرانترین سزایەکە کە دەکرێ بۆ مرۆڤ ببڕێتەوە و زیاتر دەوڵەت بڕیارەکەی دەدا.

سزادانی کەسێ بە مەرگ بەھۆی فیل
گوولە بارانکردنی کەسێ لە مەکسیک ساڵی ١٩١٤

پێویستە سزای مەرگ بەپێی یاسا جێبەجێ بکرێ. ئیعدام بۆ لەناوبردنی دژبەران ھەمیشە بەکار ھاتووە. لە کوردستان بە ھەزاران کورد، لەبەر ئەوەی کە داوای مافی خۆیان کردووە، لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە سزای مەرگیان بەسەر داسەپاوە. زۆرینەی ئەو سزایانەش پێچەوانەی یاسا بوونە. بۆ نموونە، بەپێی یاسا نەدەبوو سەرۆکی کورد سەید ڕەزا لە سێدارە بدرابا، چونکوو یاسای تورکیا لەسێدارەدانی تەمەندرێژانی قەدەغە کردبوو.

تەنانەت لەلایەن دەوڵەتانی نووژەنیشەوە بەسەر ئەو کەسانەی کە بە تاوانی سیخوڕی یا خەیانەت یا گوێنەدان بە فەرمان لە کاتی شەڕدا، قۆڵبەست دەکرێن، سزای مردن دەبڕێتەوە. ئێستاکەش لە زۆرێک لە وڵاتاندا سزای مردن ھەر ھەیە. لەناو دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، لە ئێراق، ئێران و سووریا ئیعدام بەشێوەی قانوونی بوونی ھەیە. تورکیا ساڵی ٢٠٠١ سزای مردنی نەھێڵا و لای برد.

بە سەدان ساڵە کە لەسەر بوونی سزای مەرگ گوتوبێژ دەکرێ، زیاتر ھۆکەشی ئەوەیە کە لەم سزایەدا قەرەبوو بێمانایە. واتە ئەگەر ھات و کەسێک بە ھەڵە سزا درا، لەبەر ئەوەی کە ئیتر ناژی، ناکرێ بۆی قەرەبوو بکرێتەوە.

شێوەکانی جێبەجێبوونی سزای مەرگ

Cesare Beccaria, Dei delitti e delle pene
  • لەسێدارەدان، لە ئێراق، ئێران، ژاپۆن و تا چەند ساڵ لەمەوبەر لە تورکیا.
  • گوللەبارانکردن: لە ئێران، چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
  • کورسیی کارەبایی: لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
  • دەرزیلێدان: لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
  • خنکاندن بە بەند یا بە دەست: لە تورکیا گەلێک کورد بەم شێوەیە بەدەستی ژیتەم لەناوچوون.
  • سەرقرتاندن: ئەمڕۆکەش لە عەرەبستانی سەعوودیدا ھەیە.
  • بەچوارمێخەکێشان: ئیتر باو نییە.
  • برسیھێشتن: لە شەڕی دووەمی جیھانیدا، دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کوشتنی جوولەکەکان ئەو شێوەیەی بەکار ھێناوە.
  • ژووری گاز: لە شەڕی دووەمی جیھانیدا، دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کوشتنی جوولەکەکان ئەو شێوەیەی بەکار ھێناوە.
  • گیۆتین: لە ئەورووپا، بەتایبەت لە فەڕەنسا زۆرجار بەکار ھاتووە.
  • ڕەجم یا بەردلێدان: لە ئێران و لە عەرەبستانی سەعوودیدا.

سەرچاوەکان