نادیە موراد

چالاکوانی ئێزیدیی کوردیی مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵی ٢٠١٨


نادیە موراد باسی تەھا (بە عەرەبی: نادية مراد باسي طه‎؛ لەدایکبووی ١٩٩٣)[١] کچەچالاکوانی کوردی ئێزیدیی[٢][٣] مافەکانی مرۆڤە کە لە ئەڵمانیا دەژیێت.[٣] لە ٢٠١٤دا، لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە لە کۆچۆ ڕفێندرا بۆ ماوەی سێ مانگ.[٤]

نادیە موراد

نادیە موراد لە ٢٠١٨
نادیە لە ٢٠١٨
لەدایکبوون
نادیە موراد باسی تەھا

١٩٩٣ (تەمەن ٣٠–٣١)
کۆچۆ، عێراق
نەتەوەکورد
کارە ناودارەکان
دواھەمین کچ: چیرۆکی بندەستی و بەرھەڵسانەوەم لەدژی دەوڵەتی ئیسلامی
ئینیسیاتیڤی نادیە
ھاوسەرعابد شەمدین (ھاوسەرگیری ٢٠١٨)
خەڵاتەکان

نادیە دامەزرێنەری ئینیسیاتیڤی نادیەیە، کە ڕێکخراوێکی تایبەت بە «یارمەتیدانی ژنان و منداڵانی قوربانیی جینۆساید و توندوتیژی دڕندەیی و بازرگانیی مرۆڤ تا چاک ببنەوە و ژیان و کۆمەڵگەکەیان بونیاد بنێنەوە».[٥]

لە ٢٠١٨دا، ئەو و دێنیس موکوێگی بە ھاوبەشی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلیان وەرگرت بەھۆی «کارەکانیان بۆ کۆتاییھێنانی بەکارھێنانی توندوتیژی سێکسی وەک چەکێک لە میانی جەنگ و ململانێکاندا».[٦] ناوبراو یەکەمین ئێزیدیی عێراقییە کە خەڵاتی نۆبێلی وەرگرتبێت.[٧]

لە ئێستادا، داکۆکیکارە بۆ Sustainable Development Goals کە لەلایەن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکراوە.[٨]

ژیانی سەرەتایی و گیرانی لەلایەن داعشەوە

نادیە لە گوندی کۆچۆ لە شنگال، کوردستانی عێراق لەدایکبووە.[٩] خێزانەکەی، کە لە کەمینەی ئێزیدییەکان بوون، جوتیار بوون.[١٠] لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا، نادیە قوتابی بوو لە گوندی کۆچۆی باشووری کوردستان کە چەکدارانی داعش دەورەی کۆمەڵەی ئێزیدییەکانیان گرت لە گوندەکەدا، و ٦٠٠ کەسیان کوشت – لە نێوانیاندا شەش لە براکانی نادیەی تێدابوو – و ژن و کچە گەنجەکانیان بە دیل برد. ئەو ساڵە، نادیە یەکێک لەو ٦٠٠٠ کچ و ژنە ئێزیدییانە بوو کە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراقدا زیندانی کرابوون.[١١] لە ١٥ی ئابی ٢٠١٤دا گیرا.[١٢] وەک دیلێک گیرا لە شاری مووسڵ، کە بە بەردەوامی لێیدەدرا، بە جگەرە دەسووتێنرا، و دەستدرێژی دەکرایە سەر. دواتر توانی بە سەرکەوتوویی ڕابکات دوای ئەوەی ئەو کەسەی بەندی کردبوو دەرگاکەی بە قفڵ نەکراوی بەجێھێشتبوو.[١٢] نادیە لەلایەن خێزانێکەوە پارێزرا، و توانیان بیبەنە دەرەوەی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی، و چووە کەمپێکی پەنابەرانی دھۆک لە ھەرێمی کوردستان.[١٣] لە سەرەتای ئەیلوول[١٤] یان تشرینی دووەمی ٢٠١٤دا[١٢] لە دەرەوەی ناوچەی داعشدا بوو.

لە شوباتی ٢٠١٥دا، یەکەم لێدوانی دا بۆ ڕاپۆرتنوسانی ڕۆژنامەی بەلجیکیی La Libre Belgique کە لە کەمپی ڕوانگەدا دەژیا.[١٤] لە ٢٠١٥دا، یەکێک بوو لەو ١٠٠٠ ژن و منداڵانەی کە سوودیان لە پڕۆگرامی پەنابەریی حکومەتی بادن-ڤویرتمبێرگ لە ئەڵمانیا وەرگرت و ئەوێ بووە شوێنی تازەی نیشتەجێبوونی.[١٥][١٦]

چالاکییەکان

لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥، نادیە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە کێشە گرفتەکانی کڕین، فرۆشتن و بەکۆیلەکردنی مرۆڤی کرد. ئەمەش یەکەمجاربوو ئەنجومەنی ئاسایش باسی بابەتی کۆیلەداری بکات.[١٠][١٧] نادیە موراد ڕۆڵی بالیۆز و قسەکاری گێڕاوە لەئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ ھۆشیارکردنەوە لەبابەتی پەنابەری و کۆیلەکردن.[١٨] نادیە سەردانی کەمپی ئاوارەکان و ڕزگاربووەکانی کردووە بۆئەوەی گوێ لە قسەکان و شایەتییەکانیان بگرێت لەبارەی قوربانیدانیان وەک کۆیلە و جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان.[١٩]

نادیە موراد لە ڤیەننا، لەکاتی بەشداریکردنی لەیەکێک لە پانێلەکان دەربارەی مافەکانی مرۆڤ.

لە ئەیلوولی ٢٠١٦، ئەمەل کلوونی لەبەردەم ئۆفیسی تاوان و ماددەھۆشبەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی لەبارەی بڕیارەکانی نادیە کرد کە لە حوزەیرانی ٢٠١٦ دایبوو،[٢٠] کە ناوبراو دەبێتە نوێنەری نادیە وەک لایەنی یاسایی لەدژی فەرماندەکانی داعش.[١٨][١٩][٢١] کلوونی لە وەسفی جینۆساید، دەستدرێژی سێکسی و کۆیلەکردن لەلایەن داعش وتی ئەوان کارگەی شەیتانی بیۆکراتین. ھەروەھا داعشی وەک بازاڕێکی کۆیلەکردنی مرۆڤ بەشێوەی ئۆنلاین وەسفکرد کە تاکوو ئێستاش لە فەیسبووک و تۆڕەکانی دیکە لە ڕۆژھەڵاتی ناوین بەردەوامە.[١١] نادیە لەبەرامبەر چالاکییەکانی چەندجارێک ھەڕەشە لەسەر سەلامەتی خۆی درووستبووە.[١٠]

لە ئەیلوولی ٢٠١٦، نادیە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستی بەناوی Initiative دامەزراند بۆ ھۆشیارکردنەوە و ھاوکاریکردنی قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی و جینۆساید.[٢٢] ڕێکخراوەکەی نادیە لەبۆنەیەک لەلایەن تینا براون ئاشکراکرا لە نیویۆرک. لەھەمان مانگدا، نادیە وەک باڵیۆزی چاکەخوازی نەتەوەیەکگرتووەکان وەک شکۆی ڕزگاربووانی کۆیلەکردنی مرۆڤ ھەڵبژێردرا.[٢٣]

پۆستەری نادیە لە لالش، وێنەی نادیە لەکاتی قسەکردنی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لە ٣ی ئایاری ٢٠١٧، نادیە چاوی بە پاپا فرانسیس و پۆل گاگەر کەوت لە شاری ڤاتیکان. لەکاتی دیدارەکەی، نادیە داوای ھاوکاریکرد بۆ ئەو ئێزیدییانەی کە ھێشتا لەچنگی داعش ماون، ھەروەھا سووپاسی ڤاتیکانی کرد بۆ ئەو پشتگیرییانەی لە کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کردووە، و باسی لە درووستکردنی ھەرێمێکی ئۆتۆنۆمیکرد بۆ کەمایەتییەکان. ھەروەھا نادیە تیشکی خستەسەر چارەسەرە ھەنووکەییەکان و ئەو ئالنگارییانەی کە تووشی کەمایەتییە ئاینییەکانی عێراق و سووریا ھاتووە لە ونبوون لە زێدی خۆیان و بەپەنابەربوونیان.[٢٤]

لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧، یادەوەرییەکانی نادیە لەکتێبی «دوایین کچ، چیڕۆکی ھێزی من و جەنگانم لەدژی دەوڵەتی ئیسلامی» لەلایەن گرووپی پەبلیشین کرۆون بڵاوکرایەوە.[٢٥][٢٦] لە ساڵی ٢٠١٨، دەرھێنەر ئەلێکسەندریا بۆمباخ فیلمێکی بەڵگەنامەیی (دۆکیومێنتاری) لەسەر ژیان و قوربانیدانی نادیە موراد بەناوی (لەسەر شانەکانی ئەو) بەرھەمھێنا.[٢٧][٢٨][٢٩]

لە ساڵی ٢٠١٩، نادیە لە دووەمین کۆڕبەندی ئازادی ئایینی بەشداربوو،[٣٠] لەوێ باسی چیڕۆکی ژیانی خۆیکرد لەگەڵ ئەو ئالنگارییانەی کە ڕووبەڕووی ئێزیدییەکان ھاتوونەتە پێش دوای پێنج ساڵ لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ کە داعش ھێرشی کردە سەریان،[٣١][٣٢] نادیە پێشنیاری خۆی بەپێنج خاڵ خستەڕوو.[٣١][٣٢] نادیە لەم کۆڕبەندە وەک یەکێک لە قوربانییە جیھانییەکان بانگێشت کرابوو. لەپاڵ کۆڕبەندەکە لە ڕۆژی ١٧ی تەممووزی ٢٠١٩، نادیە چاوی کەوت بە سەرۆککۆماری ئەمریکا دۆناڵد ترامپ لە نووسینگەی ھێلکەیی لەناو کۆشکی سپی. لە دیدارەکەیدا، نادیە باسی چیڕۆکی خۆی و لەدەستدانی خێزانەکەی لەنێویاندا دایکی و شەش براکەی بۆ تڕەمپ کرد و داوای لێکرد کە شتێک بکات بۆ ئێزدییەکان.[٣٣]

کتێب

  • دوایین کچ، چیڕۆکی ھێزی من و جەنگانم لەدژی دەوڵەتی ئیسلامی (بە ئینگلیزی: The Last Girl: My Story of Captivity, and My Fight Against the Islamic State)، بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکرایەوە لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧.[٢٥]
  • ژیانی نادیە موراد لەکتێبێک بەزمانی ئەڵمانی، "Nadia Murad: Ich bin eure Stimme: Das Mädchen, das dem Islamischen Staat entkam und gegen Gewalt und Versklavung kämpft" لە ٣١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ بڵاوکرایەوە.[٣٤]

فیلمەکان

خەڵات و شانازییەکان

  • ٢٠١٦: باڵیۆزی چاکەخوازی وەک شکۆیەک بۆ ڕزگاربووانی دەست کۆیلایەتیکردنی مرۆڤ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان.[١١][٣٦]
  • ٢٠١٦: خەڵاتی ڤاللاڤ ھاڤیل بۆ مافەکانی مرۆڤ[٣٧]
  • ٢٠١٦: خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی بیرووڕا (بەھاوبەشی لەگەڵ لەمیا بەشار)[٣٨][٣٩][٤٠]
  • ٢٠١٨: خەڵاتی نۆبێل لە ئاشتی (بەھاوبەشێ لەگەڵ دینیس مەکویگی)[٤١]
  • ٢٠١٩: خەڵاتی بامبی[٤٢]

سەرچاوەکان

بەستەرە دەرەکییەکان